هێزەکانی سوریای دیموکرات لیستی فەرماندەکانی فیرقە پێشکەش بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ یەکگرتن لە هێزەکانی بەرگری سوریا دەکات
پەیامی کورد- دێرەزۆر
هێزەکانی سوریای دیموکرات لیستی ناوی فەرماندەکانی ئەو فیرقە سەربازییانەی کە دەخرێنە ناو سوپای سوریا و لیوا تایبەتەکانی سوریاوە، هەروەها نوێنەرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری سوریا و ئەرکانی گشتیی سوریا، پێشکەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد.
بەپێی سەرچاوەکان، لیستەکە ناوی نزیکەی ٧٠ فەرماندەی تێدایە کە بەشدارییان لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک، لیستەکە ناوی فەرماندەکانی ئەو سێ فیرقە سەربازییەی تێدایە کە دەخرێنە ناو سوپای سوریاوە: یەکێکیان لە ناوچەی جەزیرەی سوریا، یەکێکی دیکە لە ناوچەی فورات و سێیەمیان لە دێرەزۆر.
هەروەها لە لیستەکەدا ناوی فەرماندەکانی سێ لیوای تایبەتی سەر بە ئەرکانی گشتی سوپا لەخۆدەگرێت.
یەکێک لە لیواکان تیشک دەخاتە سەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سەرتاسەری سوریا کاردەکەن.