یەک ملیۆن و 200 هەزار پەنابەری سووری دوای ڕووخانی ئەسەد گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان
پەیامی کورد- دیمەشق
سەرۆکی ڕێکخراوی UNHCR لە سوریا، گۆنزالۆ گابرێل ڤارگاس یۆس ڕۆژی دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند کە نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار پەنابەری سووری لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
ڤارگاس یۆس لە ئەکاونتی پلاتفۆرمی X ی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە UNHCR چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەیان هەزار گەڕاوەدا کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە "چیتر لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ناترسن کە پەیوەندییان بە ڕژێمی پێشووەوە هەیە."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستەنگەکانی ژیان هێشتا بەرچاون، نزیکەی 70%ی گەڕاوەکان بەدەست کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا 52% سەرچاوەی داهات یان هەلی کاریان نییە.
ڕوونیشیکردەوە، زیاتر لە نیوەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە گەڕاونەتەوە ماڵە وێرانبووەکان، هەروەها 25%یان بەڵگەنامەی مەدەنییان نییە. بوونی بەربڵاوی تەقەمەنی نەتەقینەوە مەترسییەکی بەرچاو بۆ سەر خەڵکی سوریا دروست دەکات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 563 حاڵەتی مردن و 935 برینداری تۆمارکراوە، لەنێویاندا منداڵیش.
ناوبراو جەختی لە پێویستی بەپەلەی پاڵپشتی مرۆیی بۆ هەموو سوورییەکان کردەوە، چ ئەوانەی گەڕاونەتەوە و چ ئەوانەی لە ناوخۆی وڵات ئاوارە بوون، هاوکات لەگەڵ پێویستی هەنگاونان بەرەو چاکبوونەوە و ئاوەدانکردنەوەی پێشوەختە.