پەیامی کورد- قامیشلۆ... ئیلهام ئەحمەد: ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە زەمینەسازی بۆ قۆناغێکی نوێ لە سەقامگیری و گەشەپێدان دەکات
ئیلهام ئەحمەد، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەریی خۆسەر، جەختی لە گرنگیی ئەو ڕێککەوتنە کردەوە کە لەنێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە، و بە هەنگاوێکی وەرچەرخان لە ڕێگەی بەدیهێنانی سەقامگیری لە سووریادا وەسفی کرد.
ئەحمەد سوپاسی قووڵی خۆی ئاراستەی ئەو وڵات و لایەنە نێوەندگیرانە کرد، کە لە سەروویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا دێن، بۆ ئەو هەوڵانەی کە داویانە بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە، و هیوایشی خواست ئەم لایەنانە ڕۆڵی گەرەنتیکار بگێڕن بۆ سەرخستنی پرۆسەی تێکەڵبوونی نێوان هەردوولا.
ڕوونیشی کردەوە کە چوونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان ئامانج لێی دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی تێکەڵبوونی بەرپرسانە و هەنگاو بە هەنگاوە، کە لەسەر بنەمای شەراکەت بێت و شکۆی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت، و یارمەتیدەر بێت لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ گەشەپێدانێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لە ناوچە جیاوازەکاندا.
لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەریی خۆسەر جەختی لە پابەندبوونیان کردەوە بۆ سەرخستنی ڕێڕەوی تێکەڵبوونەکە بە شێوەیەک خزمەت بە یەکپارچەیی سووریا بکات و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات، جەختیشی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە زەمینەسازی بۆ قۆناغێکی نوێ لە سەقامگیری و گەشەپێدان دەکات، و گەڕانەوەی ئارام و بەشکۆی دانیشتووانی عەفرین و سەرێ کانیێ بۆ ناوچەکانی خۆیان مسۆگەر دەکات.