پەیامی کورد ... بە بەشداری سەرۆک بارزانی کۆڕبەندی مێپس کاتژمێر 10:00 دەستی پێکرد
سەرۆک بارزانی گەیشتە زانکۆی ئەمریکی – دهۆک بۆ بەشداری کردن لە شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2025).
کۆڕبەندەکە سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، بە بەشداری سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەست پێدەکات. کۆمەڵێک ووتار و شەش پانێڵ لەسەر ڕەوشی ئاسایش، پرسی ووزە، ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پرسی ئابووری و وزە پێشکەش دەکرێن.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ووتاری بەخێرهاتنی کۆڕبەندەکە پێشکەش دەکات، دواتر هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەی باڵای دادوەری عێراق؛ محەممەد حەسەن، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە؛ موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە؛ ووتار پێشکەش دەکەن.
دوای پێشکەش کردنی ووتارەکان، دیدارێکی تایبەت لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ساز دەکرێت کە تێیدا باس لە دۆخی ئێستای جیهان و ناوچەکە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەندان پرسی دەکرێت.
لە ڕۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکە شەش پانێل بەڕێوەدەچن؛ لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆوە دەست پێدەکەن تا کاتژمێر 09:00ـی شەو.