حیزب و لایەنەكانی ڕۆژهەڵات داوای مانگرتنی گشتی دەكەن

Dîroka Belavkirin :
حیزب و لایەنەكانی ڕۆژهەڵات داوای مانگرتنی گشتی دەكەن
  • حیزب و لایەنەكانی ڕۆژهەڵات داوای مانگرتنی گشتی دەكەن

(بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە کوردستان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران و مەحکووم کردنی جینایەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان)

خەڵكی خۆڕاگری كوردستان!
حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان!
رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی!
شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە ئێران دەچێتە دەیەمین ڕۆژی خۆی. ئەم ناڕەزایەتییانە "نا"گوتنێکی ئاشکرا، بەرز و گشتی دیکە بە تەواوەتی کۆماری ئیسلامی یە، سەبارەت بەو هەموو نەهامەتییەی لە مێژووی دەسەڵاتدارەتی خۆیدا بۆ گەلانی ئێرانی بەدیاری هێناوە. ئامانجی ئەم ناڕەزایەتییانە لە ئێران و کوردستان ستاندنی ماف و ئازادی، گەڕاندنەوەی کەرامەتی ئینسانی و کۆتایی‌هێنان بە سیاسەتی حاشاکردن، پەراوێزخستن، کوشتن، تێرۆر و هەڵاواردنە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکانە.
کوردستان لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا پێشەنگ و ڕچەشکێنی ئەو "نا"گوتنە و سەنگەری هەمیشەیی و لەگیراننەهاتووی ئازادیخوازی و بەربەرەکانی دژی کۆماری ئیسلامی بووە. هەروەها بە بزووتنەوەی  ژینا، "ژن، ژیان، ئازادی" دەسەڵاتی دێکتاتۆری کۆماری ئیسلامی تووشی گەورەترین قەیرانی شەرعییەت لە ناوخۆ و دەرەوەی ووڵات کرد. سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچەکانی خوارووی کوردستانیش پێشانی دا کە ژیلەمۆی ئەو ڕاپەڕینە هەروا گەشاوەیە، بۆیەشە خۆپێشاندانەکان بە توندی سەرکوت کران و لە مەلەکشایی تاوانێکی گەورە خوڵقێندرایەوە.
ئێمە سەرکوتی خۆپێشاندانەکان و گرتنی خەڵکی ناڕازی و مافخوازی ئێران کە سیاسەتی هەمیشەیی دەسەڵاتی ئێران بووە، بە تووندی مەحکووم دەکەین و بە مەبەستی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان و هاوپەیوەندی لەگەڵ هاونیشتمانانمان لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان داوای مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەکەین.
کوردستان بەم مانگرتنە گشتییە جارێکی دیکە "نا"یەکی گەوەرەی تر بە دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی دەڵێتەوە و پێ لەسەر مافەکانی دادەگرێتەوە کە ئازادی، یەکسانی و مافە ڕەواکانیەتی. داوا لە سەرجەم حیزبە سیاسییەكان و رێكخراوە مەدەنییەكانی ئێران و كوردستانیش دەكەین بە هاودەنگی و یەكگرتووانە لە بەرانبەر تاوانەکانی كۆماری ئیسلامی دا هەڵوێستیان هەبێ و بەدەم ئەم بانگەوازەوە بێن.

بژی هاوپشتی و یەكگرتوویی خەڵكی ماف خوازی كوردستان!
بڕووخێ كۆماری ئیسلامی ئێران!
- پارتی ئازادی کوردستان
- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
- سازمانی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات
- کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ڕۆژهەڵات
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات
- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ڕۆژهەڵات