پەیامی کورد ... سهرۆكی ھەرێمی کوردستان : سیاسهتى نكۆڵی كردن له كورد سهركهوتوو نهبوو
سێشەممە ٢٠٢٥/١١/١٨ نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا کرد کە ساڵانە لەلایەن زانکۆی ئەمریکی کوردستان ەوە لە دھۆک ئەنجام دەدرێت.
لە پانێلێک دا کە بە ئامادەبوونی مەسروور بازرانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای عێراق و ئەکادیمی و لێکۆڵەران و ڕۆژنامەنووسان و میوانان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و دەرەوەی ووڵاتەوە، بەڕێوەچوو، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، باسی چەند پرسێکی ھەنووکەیی و دۆخی کورد و ناوچەکە بەگشتی کرد.
ئەمە دەقەکەیەتی:
پێشکەشکار: سپاس بۆ جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئامادەبوونتان لەم پرۆگرامە، زاراوەی من زۆر سنەیی تێکەڵە، ھیوادارم لێی تێبگەیت.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: کێشە نییە، ئێمەش زۆر لەوێ بووین تێدەگەین.
پێشکەشکار: ئاڵوگۆڕییەکی زۆر لەم ناوچەیە بووە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، لە لوبنانەوە بگرە تا ئیسرائیل تا سووریا، ئێران و عێراق، زۆر پێم خۆشە بزانم کوردستان چۆن توانیویەتی خۆی لەم ھەموو کێشەیە بپارێزێت و بە جۆرێک ئاسایشی ھەبووە لەم چەند ساڵانە؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس، پێشەکی من دەبێت سوپاسی ڕێکخەرانی MEPS بکەم لە دھۆک. بە ڕاستی دەستخۆشییان لێدەکەم بۆ ئەم کۆبوونەوە و ئەم ڕێکخستنەی کە ئەمڕۆ کردوویانە. بینیمان خەڵکێکی زۆر بەشداریی لەم کۆنفرانسەدا کرد. دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی دەکەم، دەستخۆشی لە کاک مەسروور دەکەم. بە ڕاستی لەگەڵ ھەموو ئەو ڕێخەرانە کارێکی زۆر باشیان کرد. زۆر سوپاسیش بۆ ئێوە، سنەییەکە کێشە نییە. بە پێچەوانەوە ئەوەمان پێخۆشە، بۆ ئەوەی بیرمان بێتەوە. سیاسەتی ھەرێمی کوردستان، بە ڕاستی بەردەوام ھەوڵی ئەوەمان داوە فاکتەری ئارامی و ئاسایش بین لە ناوچەکەدا. بە پێچەوانەوە نەک تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان، ئێمە ڕۆڵمان ھەبوو تاکو لە عێراقیش، لەگەڵ برایانمان لە بەغدا و ھەموو ھەوڵێکمان دا بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش، نەبینە بەشێک لەو کێشانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوویداوە. سیاسەتی ھەرێمی کوردستان، بەردەوام ئەوە بووە کە فاکتەرێک بێت بۆ ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. ئەمە سیاسەتێکە کە ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی کردووە و ھەر لەسەر ئەو سیاسەتەش دەمینێتەوە.
پێشکەشکار: لە چەند مانگی ڕابردوودا، بەتایبەت لە کاتی پەلاماری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عێراق بە گشتی توانیی خۆی لەم کێشەیە بپارێزێت، بەڵام ئاسمانی عێراق شوێنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بوو، ھەروەھا مووشەکەکانی ئێران بەسەر ئاسمانی عێراقدا ڕۆیشت. من زۆر پێم خۆشبوو بزانم تا چ ڕادەیەک ئەم بابەتە دەتوانێت ئەم ململانێیەی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە، ئەو ھێزە لە ناوچەکە، ھەروەھا وڵاتانی ناوچەکە، جەنابتان ئەم کێشەیەی ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا ھەیە چۆن دەبینین؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: خۆی وەک بنەما پێمان وانییە ئەو کێشانەی کە ھەن بە بەکارھێنانی چەک و توندوتیژی چارەسەر بکرێن. پێمان وایە ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکەدا ھەن، بە شێوەیەکی گشتی پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی دروست و دیالۆگێکی جددی ھەیە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام. شەڕ لە ناوچەکە ئیسپاتی کرد لە ماڵوێرانی زیاتر ھیچ شتێک بەدی نایەت. ئێستا ئەگەر سەیری بکەین لە ئەنجامی ئەو شەڕانە، ماڵوێرانییەکی زۆر دروست بووە لە ناوچەکە، لە فەلەستین و شوێنەکانی تر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێمان وایە کێشەکان پێویستە بە شێوەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. خۆشحاڵین بەوەی کە ئێستا دەستپێشخەرییەک ھەیە بۆ ئەم پرسە. بڕیاری دوێنێی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووکان لەسەر ئەم بابەتە، بڕیارێکی گرنگ بووە بۆ ئەوەی کە سەرۆک ترامپ دەستی پێکردووە و ھیوادارین ئەوە بگاتە ئەنجام.
پێشکەشکار: ماوەیەک پێش سەرۆک کۆماری ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ نامەیەکی بۆ جەنابتان نارد، دواتریش مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکایش نامەیەکی نارد کە درێژتر بوو سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێوە و کوردستان بۆ ئەوەی کە ئاشتی و سەقامگیری لێرە ھەبێت. بە بڕوای ئێوە لە گەڕی دووەمی سەرۆک دۆناڵد ترامپدا، ڕۆڵی ئەمەریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا چییە؟ بە بۆچوونی جەنابتان تا چ ڕادەیەک ئەمەریکا دەتوانێت ڕۆڵی لە ناوچەکەدا ھەبێت؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: زۆر ئاسایی، ئەمەریکا ھێزێکی گەورەیە لە جیھاندا. سوپەرپاوەرە و دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ ببینێت لە ناوچەکەدا. ئەوەی کە پەیوەندیی بە ئێمەوە ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، بە جەنابتم گوت لە دەستپێکردنی قسەکانماندا، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان سیاسەتێکمان ھەیە، دەمانەوێت فاکتەری ئەمن و ئاسایش بین لە ناوچەکەدا. دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. دەمانەوێت ڕۆڵمان ھەبێت لەوەی کە لە ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی ئاشتی و ئارامی ھەبێت. ھەرێمی کوردستان توانیویەتی ئیسپات بکات کە فاکتەری ئەمن و ئاسایشە لە ناوچەکەدا، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، دەبینین بەڵێ ئەمەریکا دەتوانێ ڕۆڵی زۆر جددی ببینێت ھەم لە پرسی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل و ھەم ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکەدا ھەن، بە حوکمی ئەوەی کە سوپەرپاوەرە و دەتوانێت زۆر ئیش بکات.
پێشکەشکار: چەند ڕۆژی ڕابردوو ھەڵبژاردن بوو، پارتی دەتوانین بێژین لە عێراق وەکو حزب زۆرترین دەنگی بەدەستھێناوە، بەڵام ئەمڕۆ بەیانی گوێم لە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەلسوودانی بوو، باسی لەوە کرد کە ئەوان ھاوپەیمانییەکی گەورەیان دروست کردووە لە لایەنە سیاسییەکانی شیعە کە دەیانەوێت حکوومەت داھاتوو دروست بکەن. ئایا لەناو حزبەکانی کوردستاندا ئەو موکوڕییە ھەیە کە ھەمووتان پێکەوە بە یەک دەنگ بڕۆن بۆ بەغدا و ئەو کێشانەی لەنێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، لە چەند ساڵی رابردوودا وەک پرسی مووچە، پرسی ئەمنی، چارەسەر بکەن. من خۆم لێرە بووم دوو سێ مانگ لەمەوپێش چەندین ھێرش کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان. چۆن دەتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن؟ ئایا موکوڕییەک ھەیە، گفتوگۆک ھەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان کە بە یەک دەنگ بڕۆنە بەغدا؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: بە بۆچوونی، وەک جەنابت ئیشارەت پێدا و گوتت موکوڕی، دەبێت ئەوە ھەبێت. دەبێت ئەو بڕیارە ھەبیت کە ھێزە کوردییەکان پێکەوە بچنە بەغدا. پێکەوە دەتوانین ئەو دەستکەوتانە بەدەست بێنین کە ھەموو لایەکمان ھەوڵ دەدەین و خەباتی بۆ دەکەین، کاری دەکەین. پێم وایە ھێزە کوردستانییەکان ھەرچەند لە ناو خودی ھەرێمی کوردستاندا ناکۆک بن، پێویستیمان بەوە ھەیە لە بەغدا بتوانین فۆرمۆلێک بدۆزینەوە بۆ ھەموو ھێزە کوردستانییەکان و دەبێت ھێڵەکان ڕوون بن کە چوارچێوەی بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان چییە؟ بەشێک کێشەی حزبە لەگەڵ حزبەکان، ئێمە کێشەمان ھەیە لەگەڵ حزبێک، حیزبێک کێشەی ھەیە لەگەڵ حزبێکی تر، ئەوانە ھەمووی لە جێی خۆی، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە ھەموومان لەسەر یەک شت ڕێککەوین. لەسەر ئەوەی کە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستان چییە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا، پێم وایە پیویستە ھێزە کوردستانییەکان ھەموو ئەوانەی کە براوە بوون لەم ھەڵبژاردنانە، بەپێی قەبارەی خۆیان، ھەر حزبێک بەپێی قەبارەی خۆی، بە زووترین کات و بە بەرنامەیەکی ھاوبەش، پێکەوە نەک بە جیا جیا، بچنە بەغدا و دانوستان بکەن، چوارچێوەیەکیش دابنێن بزانن بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان لە کوێیە و لەو چوارچێوەیە دەرنەچن، سەرەڕای ھەموو ئەو کێشانەی کە لە ناو خۆ ھەمانە. زۆر جار گوتوومانە ئێمە پێویستە لە بەغدا بەھێز بین. بەھێزبوونی کورد لە بەغدا گەرەنتییە ھەم بۆ عێراق، ھەم بۆ کوردستانیش. لەبەر ئەوە ئەوەی پێم خۆشە و ئێمە داوای دەکەین ئەوەیە کە ھێزە کوردستانییەکان پێکەوە و بە بەرنامەیەکی ھاوبەش بچنە بەغدا.
پێشکەشکار: ئایا بە بڕوای ئێوە لە چوار ساڵی داھاتوودا، ئێمە دەتوانین شاھێدی دەستوورێکی نوێ بین بۆ کوردستان؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: دروشمی ئەم جارەی ئێمە لە ھەڵبژاردن ئەوە بووە، پێش دەستووری ھەرێمی کوردستان، دەبێت عێراق دەستوور جێبەجێ بکات. ئەوە یەکێک لە داواکاری سەرەکیی ئێمەیە، ئەمە دەبێت داواکاری ھەموو ھێزە کوردستانییەکانیش بێت کە دەبێت دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت. یەکەم شت کێشەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغدا، کێشەکە سەرچاوەکەی لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ سەرچاوەکەی لە پرسی دەستوور و جێبەجێنەکردنی دەستوورەوەیە. ئەو ھەڵسوکەوتەی بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات، دەستووری نییە، زۆر مەرکەزییە زۆر زۆر. ھەموو جار دەڵێم لە ھیچ سیستمێکی فیدراڵیی جیھاندا ئەو جۆرە سیستم و ئەو جۆرە ھەڵسوکەوتەی کە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا دەکرێت نابینیت. دەستووری عێراق لە ساڵی دوو ھەزار و پێنجەوە بڕیاری لەسەر دراوە. وەکو ھەرێمی کوردستان تا ئێستا قسەی ئێمە ئەوەیە کە دەبێ ئەم دەستوورە جێبەجێ بکرێت. دەستوور زامنی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکانی عێراقە، نەک ھەرێمی کوردستان، پێکھاتەکانی تری عێراقیش، سوننە، شیعە، تورکمان، مەسیحی، ئێزدی، ھەموو پێکھاتاکان. ئەگەر ئێمە بمانەوێ عێراق سەقامگیر بێت، مەرجی یەکەم جێبەجێکردنی دەستوورە. سەبارەت بە دەستووری ھەرێمی کوردستان، بەداخەوە من دەتوانم بڵێم ئەمە دەبوو زۆر دەمێک بوایە بمانکردبا بە ڕاستی. پار ساڵ ھەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتوومان ئەنجام دا، بە سوپاسەوە بۆ گەلی کوردستان کە ڕێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن نزیکەی حەفتا و دوو لە سەد بوو. ھیوادارین پەنا بەخوا دوای ئەم ھەڵبژاردنانەی عێراق بتوانین شاھدی ئەوە بین کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت و بێگومان یەکەم کار و یەکەم ئەولەویەتی دوای ئەوە، پرسی دەستووری ھەرێمی کوردستان دەبێت.
پێشکەشکار: دەزانم ئەمڕۆ لەو ژوورە لەو پشتەوە، لەگەڵ چەند کەس لە ڕێبەرانی عێراقدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ چەند حزبی دیکەی عێراق، گفتوگۆتان ھەبوو. ئایا گەشبینن بەوەی کە حکوومەتی داھاتووی بەغدا ئەو ئیرادەیەی ھەبێت کێشەکان چارەسەر بکات؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: پێم وایە دوای ماوەیەکی زۆر لە ململانێ و کێشە، ھیوادارین ھەموو لایەک گەیشتبنە ئەو بڕوایەی کە دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن. خۆی ئەلفوبێی پرسی ئاشتی لە عێراق و سەقامگیریی عێراق، کلیلەکەی چارەسەری ئەو کێشانەیە کە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەن. وای دەبینم، پێم وایە ئەگەر بە جددی عێراق ھەوڵ بدات ئەو کێشانە چارەسەر بکات، لەڕووی سیاسییەوە عێراق دەکەوێتە قۆناغێکی زۆر جیاوازتر و سەرکەوتووتر لەوە. ھیوادارین ھەموو ھێزە عێراقییەکان وانەیەکیان لە ڕابردوو وەرگرتبێت و ئەو وانەیە ئەوە بێت کە ئەم قۆناغە ناو بنێین قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و قۆناغی چارەسەرکردنی ھەموو ئەو کێشانەی کە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە بەپێی ئەو دەستوور، ھیواخوازین ئەمە وابێت.
پێشکەشکار: ئەمڕۆ بە درێژاییی ئەم بەرنامە من چەند جار بیستم لە زۆر لەو کەسانەی کەوا لەسەر بابەتی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا قسەیان کرد، دەزانم مانگی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان دیدارێکتان ھەبوو، ھەر وایش دەزانم ماوەیەک پێش دەستەیەک لە نوێنەرانی پەرلەمانتارەکانی کورد لە باکووری کوردستان سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ جەنابت قسەیان کرد، دوای ئەوە ئەمڕۆ شتێکم بیست لە بەڕێز ھۆشیار زێباری گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی ئەوەی ھەڵگرتووە کە ئەم پرۆسەیە ئاشتییە بەرەو پێش ببرێت. زۆر کەس نیگەرانە ئەم پرۆسەیە وەکو ساڵی دوو ھەزار و پازدە، پێم وایە بەڕێز ئەحمەد داودغڵو لێرەیە، دیمانەیەکم لەگەڵ کرد ئەو سەردەمە. دەزانم زۆر کەس بە ڕاستی دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت. جەنابت دەزانم لەگەڵ ھەموو لایەک کە قسە دەکەیت. سەرەتا دەمەوێ بزانم حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چ ھەنگاوێکی کرداریی ھەڵیگرتووە بۆ یارمەتیدانی ئەم پرۆسە کە سەرکەوێت و تا چ ڕادەیەک گەشبینن چارەنووسی ئەم پرۆسەی ئاشتییە وەک ھی ساڵی دوو ھەزار و پازدە نابێت؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: ئەمە پرسیارێکی گرنگە. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە یەک قسەی کردووە، ئەویش ئەوە بووە: ئامادەین یارمەتی بدەین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە کە پێمانوایە ھەم خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی تورکیا دەکات و کاریگەرییەکی زۆر گرنگیشی لەسەر ھەرێمی کوردستان و ھەموو ناوچەکە دەبێت، گوتوومانە ئێمە ئامادەین ھەرچی بە ئێمە بکرێ بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە دەیکەین. ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان ئەوە بووە بە کردارەکی یارمەتیدەر بووین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت. پرسیاری جەنابت ئایا ئەم پرۆسەیە جددییە یان نە؟ پێم وایە ئەم پرۆسەیە ئەوەی کە من لە کۆبوونەوەکانم لە ئەنقەرە دیومە، بەتایبەتی لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆمار، ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی زۆر جددییە، بەڵام ئێمە دەبێت واقعی بین، کێشەیەک کە چل ساڵە ھەیە بە شەو و ڕۆژێک چارەسەر ناکرێت. ئەمە پرۆسەیەکە پێویستی بەوە ھەیە پشوودرێژیی لەگەڵ ھەبێت، تەحەممول ھەبێت. ھەندێک جار لەوانەیە لە قۆناغێک وا ھەست دەکرێت پرۆسەکە گەیشتووتە بنبەست، کە وانییە، بەڵام ئەنجامی کەڵەکەبووی ئەو ھەموو ساڵانە، ناتوانین شاھدی ئەوە بین لە چەند مانگێکدا بگاتە ئەنجام. پێشبینی دەکەم ئەم پرۆسەیە لەوانەیە بە ساڵ بخایەنێت، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا لە پرۆسەکە دەیبینین، چ ئەو ھەنگاوانەی کە لە ئەنقەرە ھاوێژراون تا ئێستا، چ ئەوەی کە ئێمە لە لایەنی تر دەیبینین، لەوانەیە پرۆسەکە زۆر زۆر ھێواشە، بەڵام بە بۆچوونی من پرۆسەیەکی جددیە و شایستەی ئەوەیە کە ھەموو لایەکمان یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی بە ئەنجام بگات. ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێش ماوەیەک ئەوەی کە توانی لە پرسی ئەو دەستەیەی ھاتبوون و چوونە قەندیل، ھەموو ئاسانکارییەکمان بۆ کردن. ئێستایش دووبارەی دەکەمەوە ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ھەردوولا بگەنە ڕێککەوتن. ئەوەی لە ئەنقەرە دیومە و گوێم لێبووە، جدییەتێکی زۆر ھەیە کە ئەم پرۆسەیە دەبێت بگاتە ئەنجام. ئەوەی کە تا ئێستا لە بەڕێز ئۆجەلانیش دەیبینین ھەر ئەوەیە کە جەختی لەوە کردووەتەوە ئەم پرۆسەیە دەبێت بگاتە چارەسەر و دەبێت بەرەو ئاشتییەک بڕوا کە ھەموو لایەک تێیدا سوودمەند بن.
پێشکەشکار: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەریی لەسەر ڕۆژاوا لە سووریا لەو ناوچەیە ھەیە. دەزانم لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی ھەسەدە قسەتان کرد، ھاتووە؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: بڕیار وا بوو ئەمڕۆ لێرە بێت. گوتم بزانم نەھاتووە، ئەویش کاک مەسروور دەڵێت لەوانەیە لە ڕێگەیە و دێت.
پێشکەشکار: ئەگەر بەڕێوەیە من دەتوانم دیدارەکە درێژ بکەمەوە تا بێت؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: بە ئارەزووە خۆت، بەڵام ئەوەندەش زوو ناگات گەر بە ڕێگەوە بێت، کاتی پێویستە.
پێشکەشکار: پرسیارەکەی من وەک ئەوەی دەزانم کاتێک چووی بۆ تورکیا لە ئەنتالیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع دیدارێکتان ھەبوو، لەگەڵ مەزڵوزم عەبدی دیدارێکتان ھەبوو. دەزانم لە نزیکەوە لەگەڵ ھەردوولا قسەتان کرد، ھەموو خەڵکی کوردستان دەیانەوێ بزانن چارەنووسی ئەو ئەزموونە لە ڕۆژئاوا دەبێت بە چی؟ داخوازم ئەوە بوو بزانم، تورکیا ڕۆڵێکی ھەرە گەورەی ھەیە، لەگەڵ ھەر کەسێکدا قسەم کردووە، لەگەڵ دیپلۆماتکاران و مامۆستایانی زانکۆدا، ئەمڕۆ و دوێنێ، ھەموویان بە ڕاستی نیگەرانن و دەڵێن، تەنانەت ئەو کەسانەی لە ڕۆژئاوا ھاتوون، دەڵێن ئەگەر تورکیا بخوازێت، پرسی سووریا دەتوانێت سەرکەوێت. دەمەوێ لە جەنابتان بپرسم تا چ ڕادەیەک بیر دەکەنەوە، ھەروەک لە پرسیاری پێشووشدا وتم لەگەڵ سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغانیش قسەت کردووە، تا چ ڕادەیەک ئەوانیش موکوڕن، ئەحمەد شەرعیش ئەو ئێرادەیەی ھەیە کە بە ڕاستی کێشەی کورد، مافی کورد بەو جۆرەی کە ھەیە بیپارێزرێ و بیدات؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: با لەوە دەست پێبکەم، یەکەم شت گەلی سووریا وەک وڵات، وەک میللەت، شایستەی ژیانێکی زۆر باشترن لەوەی کە ئێستا ھەیە. ئێستا واقعێک لە سووریا ھەیە، ئەو واقعە جەنابی سەرۆککۆمار ئەحمەد شەرع لەوێیە. پێمان وایە ئەوە شانسێکی گەورەیە بۆ ئەوەی سووریا بگەڕێتەوە بۆ ئارامی و ئاسایش، ئێمە ئاوا دەیبینن: قسەی ئێمە بۆ برایانمان لە سووریا، دوو سێ شت بووە، یەکەم شت، ھەر لە ڕۆژی یەکەمەوە پێمان گوتوون بڕۆن بۆ دیمەشق. پێمان گوتوون ئاڵای نوێی سووریا ھەڵگرن، ڕانەوەستن بۆ ئەوەی بانگھێشتنامەتان بۆ بنێرن، وڵاتی ئێوەیە، میللەتی ئێوەیە، شوێنی ئێوەیە، ئێوە دەبێت بەشدارییەکی کاراتان ھەبێت لە داھاتووی سووریا. ئەوەمان بە برایانمان گوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا واقعێک ھەیە، ئەم ھێزانە ڕۆڵێکی سەرەکییان بینیوە، مەبەستم بەڕێز مەزڵووم عەبدی و ئەو ھێزانەی کە لەگەڵیانن، ڕۆڵێکی گەورەیان بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لە پرسی ئەمن و ئاسایش، چ لە سووریا و چ ئەوەی کە کاریگەری لە ھەرێمی کوردستان و لە عێراقیش دەکات. وای نابینین سیستمی مەرکەزییەت و بەڕێوەبردنی ناوەندی لە سووریا سیستمێکی دروست بێت بۆ بەڕێوەبردن. سووریا وڵاتێکە فرەنەتەوەیە، فرە ئاینییە و فرەکولتوورە. پێمان وایە پرسی بەڕێوەبردنی سووریا بە شێوەیەکی ناوەندی و بە ھێز، سووریا بەو مۆدێلە ناگاتە ھیچ ئەنجامێک. پێویست بەوە دەکات بیر لە مۆدێلێکی دیکە بکرێتەوە. ھیچ کات باس لەوە ناکەین ئەو مۆدێلەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ھەمانە، لەوێ کۆپی بکرێت. ئەوەمان نەگوتووە، گوتوومانە بەپێی تایبەتمەندیی سووریا و دۆخی خۆیان، دەبێ خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو واقعەی کە لە سووریا ھەیە. بەداخەوە لە دیمەشق بیرکردنەوەیەک ھەیە بۆ بەڕێوەبردنێکی ناوەندیی بەھێز. پێمان وانییە ئەو مەرکەزییەتە بەھێزە بتوانێت داھاتووی سووریا بەرەو باشی ببات. پێمان وایە دەبێت مافی ئەو نەتەوانە ھەموویان ئەوانەی کە لە سووریا ھەن لە چوارچێوەی سووریادا پێیان بدرێت و بگەن بە مافەکانی خۆیان. ھەرێمی کوردستان پشتگیریی لەم بۆچوونە دەکات و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەمە. ئەوەی جەنابت ئاماژەت پێدا، پێموایە تورکیا زۆر ئارەزوو دەکات ئەو کێشانە چارەسەر ببن، بەڵام من خۆم وای نابینم ئەگەر تورکیا گوتی، جێبەجێ دەبن. بەو شێوەیە نییە. خوێندنەوەم بەو شێوە نییە. بە پێچەوانەوە، بە بۆچوونی من تورکیا ھەوڵیشی داوە، ھەوڵیش دەدات بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر ببن، بەڵام ئەمە بابەتێکی ناوخۆییی سووریایە و دەبێ ئەو ئیدارەی کە ئێستا سووریا بەڕێوە دەبات، بگاتە ئەو باوەڕە کە دەبێت مۆدێلێکی واقعبینی و دروست بۆ داھاتووی سووریا پێشکەش بکەن.
پێشکەشکار: ماوەیەک پێش ئێستا لە جانیوەری لە ڕۆژاوا بووم، گفتوگۆیەکم لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی ھەبوو. ھێڵی سووری ئەوان ئەوە بوو کە دەبێت ھێزەکانی دیموکراتی سووریا وەکو تاکە ھێز نە ئەوەی کە بچنە ناو سوپای سووریا، دەتوانرێ بمێنن. ئایا بە بڕوای جەنابتان تورکیا یا دەوڵەتی سووریا ئامادەیە ئەو داخوازەی ڕۆژئاوا قبووڵ بکات؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: دەزانی چۆنە؟ پێم وایە واقعی نییە ئەوەی کە بە تاکە کەسی بچنە ناو سوپای سووریا. ئەمە واقعی نییە. ئێمە بە ھەمان شێوە لە ساڵی دوو ھەزار و سێ، ئەوە کاک مەسرووریش لێرەیە، ھەمان کێشەمان ھەبوو لەگەڵ ئەمەریکییەکان. ئەمەریکییەکان بە ئێمەیان دەگوت ھەر دەبێ لە ناو سوپای نوێ بن. گوتمان ئەوە عەمەلی نییە، واقعی نییە. ئینجا دوای سێ ڕۆژ گفتوگۆ ھاتنە سەر ئەوەی ناوێک بۆ پێشمەرگە بدۆزنەوە، گوتیان شەڕکەرانی چیا، ماونتن ڕێنجەرس. ئەو ناوەیان دۆزییەوە. جا بە بیرم دێ، ئەو کات پرسیارییان لە کاک مەسروور کرد، گوتیان: ئەگەر ئەو ناوە وەرگێڕینە سەر زمانی کوردی دەبێتە چی؟ کاک مەسرووریش پێ گوتن دەبیتە پێشمەرگە. بۆ ئەوانیش ھەر ھەمان بابەتە. واقعی نییە تۆ پێی بڵێی تاک ـ تاک ئێوە دەبێت بێنە ناو سوپای سووریا. دەبێ فۆرمۆڵێکی تر بدۆزرێتەوە. ئەی باشە ئێستا بۆ نموونە کەمپی ئەلھۆڵ گەورەترین کێشەیە. نزیکەی دە ھەزار کەس ئەوانەی کە زۆر توندڕەون، داعش بوون لەوێ لە بەندیخانەن، چارەنووسی ئەمانە چۆن دەبێت؟ ئەمە دەبێت بە دیالۆگ و گفتوگۆ لەنێوان دیمەشق و برایانمان لە ھەسەدە چارەسەر بکرێت. پێمان وایە دەبێ ھەندێک ھەنگاو بە زووترین کات بنرێن لەلایەن ھەسەدەوە. لە مانگی سێیەوە ھەندێک ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە، تاکو ئێستا ھیچێک لە بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنانە جێبەجێ نەکراون. چاوەڕێی چ دەکەن؟ نازانم!
پێشکەشکار: کێ جێبەجێی نەکردووە؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: لەلایەن ھەردوولاوە جێبەجێ نەکراوە، بەڵام زیاتر قسەکان لەسەر ھەسەدەیە کە جێبەجێی نەکردووە. ئەمە دەبێت بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت. چاوەڕوانی چی دەکەن؟ چی دەبێت؟ ئێمە دەبینین دۆخی سووریا ڕۆژ بە ڕۆژ دەگۆڕدرێت. لەبەر ئەوە پێم وایە کورد لەوێ نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدات. دەبێت بە دیالۆگ و بە زووترین کات ئەم کێشانە چارەسەر ببن، ڕۆڵی ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان دیسانەوە ڕۆڵی یارمەتی و ھاوکارییە.
پێشکەشکار: پرسیارێک زۆر پێم خۆشە ئەم پرسیارە بکەم چونکە خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستانم، ئەم پرسیارە حەتمەن دەبیت بکەم. دەزانم لە ساڵی دوو ھەزار و بیست و چواردا، دووبارە لە جانیوەری، ئێران پەلامارێکی مووشەکی بردە سەر باشووری کوردستان. گوتی لە ھەولێر ژووری، یان پێگەی دەستکاری سیخوڕیی ئیسرائیل مووسادی پێکاوە. واتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بەوە تاوانبار کرد کە خەریکە لەگەڵ ئیسرائیلدا دژی ئێران کار دەکات. بەڵام پێنج مانگ دوای ئەوە، من بیرم دێت جەنابت ڕۆیشتی بۆ تاران. فەرشی سووریان بۆ ڕاخستی و لە دوو ڕۆژدا ھەم لەگەڵ ڕێبەری حکوومەتی ئێراندا ئایەتوڵا خامەنەئیدا دیدارتان کرد، ھەم لەگەڵ سەرۆککۆماردا و سەرۆکی پەرلەمان و چەند بەرپرسێکی دیکە. چ شتێک گۆڕا لە ماوەی پێنج مانگدا کە ئێوە تاوانبار بوون بەوەی لەگەڵ ئیسرائیلدا دژی ئێران شەڕ دەکەن، ئاوا پێشوازییان لێکردن؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: پێم وایە ئەوە تۆزێک ڕوونکردنەوەی پێویستە. یەکەم شت وەک بنەما ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە، سیاسەتی ھەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئێران بەردەوام ئەوە بووە کە دەیەوێت پەیوەندییەکی باش و بێ کێشەی ھەبێت. بۆ نموونە ئێستا ئەگەر تەنیا لەڕووی ئابوورییەوە حیساب بکەیت، لەنێوان ئێران و ھەرێمی کوردستاندا نزیکەی یازدە تا دوازدە ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەیە. زۆرتری لە ھەرێمی کوردستانە. سیاسەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ کات ئەوە نەبووە یارمەتیی ھیچ لایەنێک بدات دژی کۆماری ئیسلامی ئێران. کۆماری ئیسلامی پێشتر یارمەتیی ئێمەی داوە و بە سوپاسەوە دەڕوانینە ھەموو ئەو یارمەتییانەی کە داویەتی. وەک گوتم، دەمانەوێت فاکتەری ئەمن و ئاسایش بین لە ناوچەکەدا. پێشتریش ئەو سیاسەتەمان ھەبووە، ئێستاش ھەمانە، لە داھاتووشدا دەمانبێت. پێم وا ھەندێک لێکنەگەیشتن لەنێوان ئێمە و ئێراندا ھەبووە. بەڵام ئایا ئێمە یارمەتیی ھیچ لایەکمان داوە دژی ئەوان؟ ھیچ کات شتی وامان نەکردووە و ناشیکەین. چونکە بنەمایەک ھەیە ئێمە پەیڕەوی دەکەین لە سیاسەتدا، ئەویش ئەوەیە کە دەمانەوێت فاکتەری ئاسایش و ئارامی بین، ئەو لێکنەگەیشتنانەش لەو باوەڕدام بەو سەفەرەی کە کردمان بۆ تاران و بەتایبەتی دوای بینینی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی تری ئێرانی، تاکو ڕادەیەکی زۆر توانیمان بگەین بە لێکگەیشتنێگی ھاوبەش لەم دۆسیانەدا، ئەوەی کە تا ئێستاش بەردەوامە و ھیوادارم ئەوە ھەر بەردەوام بێت.
پێشکەشکار: دەمەوێت ئەو پرسیارە دووبارە بکەمەوە: ئایا بە ڕاستی سیاسەتی ئێوە گۆڕاوە، یان تاوانبارکردنە ناڕەوا بوو؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەدا سەد ئەو تاونبارکردنانە ناڕەوا بوون. لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا نییە ببێتە بەشێک لە کێشە لەگەڵ ھەر لایەنێک بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. پێم وایە ئەوان زیاتر ھاتنە سەر ئەو باوەڕە. پرسەکە ئێمە نەبووین. ئێمە پێشتریش ھەروا بووین، ھەمیشەش گوتوومانە و دەیڵێن کە سوپاسی کۆماری ئیسلامی دەکەین بۆ ھەموو ئەو یارمەتییانەی بە ئێمەیان داوە.
پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، دەزانین کێشەی کورد لە سووریا، لە تورکیا، لێرە بە ڕاستی تا لە ئێرانیش، سێ ساڵ لەمەوبەر کە ئەو ھەموو خۆپیشاندانانە بوو، بە ڕاستی پرسی کوردستان زۆر گرنگ بوو. بە بۆچوونی جەنابتان ئەگەر ئەم کێشە لە باکووری کوردستان چارەسەر ببێت، ئەگەر پرسی کورد لە ڕۆژئاوا بە ئاشتی بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە چارەسەر ببێت، چ کاریگەرییەکی بەسەر سەقامگیری و دۆخی ئابووریی خەڵکی ناوچەکەەوە دەبێت نەک تەنیا بۆ کوردستان، بۆ تورکیا، بۆ ئێران، بۆ عێراق، بۆ سووریا؟
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: سیاسەتی ئینکارکردن لەم ھەموو ساڵانەدا چەند قازانجی کردووە لە ناوچەکە؟ ئەو سیاسەتەی کە ئینکاری کورد دەکات، سەرکەوتوو نەبووە. ئیسبات بووە کە سیاسەتی ئینکاریکردن سەرکەوتوو نەبووە. پێمان وایە بە ڕەچاوکردنی دۆخی کورد لە ھەر وڵاتێکدا، دەبێ ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت. جەنابت ئاماژەت پێدا کە واقعێک ھەیە، بۆ نموونە لە ئێران شتێک ھەیە بە ناوی پرسی کورد، لە تورکیا ھەیە، لە سووریاش ھەیە. ئەمانە دەبێت چارەسەر بکرێن. سیاسەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەم چارەسەرە دەبێت. ئێمە نایەین ھیچ مۆدێلێک پێشکەش بکەین و بڵێن بەم مۆدێلە دەبێت چارەسەر بکەین. پێمان وایە چارەسەرەکە دەبێت بەپێی ڕەچاوکردنی پێگەی کورد و پرسی کورد بێت لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کە کورد تێیدا دەژین. بەڵام ئیسبات بوو سیاسەتی ئینکاری ناکرێت. جەنابت دەڵێیت ئەگەر ئەمانە چارەسەر ببن چی دەبێت؟ پێم وایە ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر ببن، ئاسۆیەکی دیکە لە ناوچەکەدا دروست دەبێت. ئاسۆیەک کە ھەم لەڕووی سیاسییەوە، ھەم لەڕووی ئابوورییەوە و بۆ ھەموو لایەک سوودی دەبێت.
پێشکەشکار: زۆر سوپاس. پێموایە کاتمان تەواو بوو. زۆر سوپاس بۆ جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر سوپاس بۆ کاتەکەن.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: ئەوە شوێنی کاک مەسروور بوو، بەڵام کێشە نییە من قبووڵمە. زۆر سوپاس بۆ ئێوە