نێچیرڤان بارزانی : هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە فاکتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەکەدا

Dîroka Belavkirin :
نێچیرڤان بارزانی : هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە فاکتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەکەدا
پەیامی کورد    ...    نێچیرڤان بارزانی : هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە فاکتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەکەدا

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداری لە پانێلێکی کۆڕبەندی مێپس، ووتی : بەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە فاکتەری ئارامی و ئاسایش بین لە ناوچەکە، هەموو هەوڵێکیشمان داوە نەبینە بەشێک لەو کێشانەی کە لە ناوچەکە ڕوویان داوە.

جەختی لەوە کردەوە، سیاسەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئەوە بووە، کە فاکتەرێک بێت بۆ ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە، هەرێمەکە هەر لەسەر ئەو سیاستەش دەمێنێتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : پێمان وایە ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی درووست هەیە بۆ ئەویە چارە بکرێت، چوونکە شەڕ لە ماڵوێرانی زیاتر هیچ دیکەی بە دوادا نایەت، کێشەکان دەبێت بە گفتوگۆ چارە بکرێن.

دەشڵێت: خۆشحاڵین کە ئێستا دەست پێشخەرییەک هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت غەززە، دوێنێش بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بابەتە بڕیارێکی گرینگ بوو، هیوادارین بگاتە ئەنجام.

لە بارەی ڕۆڵی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئەمەریکا هێزێکی گەورەیە لە جیهان دا، هەروەها دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ  و جیددی ببینێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا.

نێچیرڤان بارزانی باسی لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە دەیانەوێت کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە شێوەیەکی ئاشتییانە و گفتوگۆ چارە بکرێن.

لە درێژەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان توانیویەتی بیسەلمێنێت کە فاکتەری ئەمن و ئاسایشە لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بارەی لایەنە کوردییەکانەوە دەڵێت: دەبێت هێزە کوردییەکان پێکەوە بچنە بەغدا و لەوێدا یەکگرتوو بن و پێکەوە داکۆکی لە بەدەست هێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن.

ووتیشی: دەبێت هەمووان پێکەوە لەسەر خاڵێک ڕێک بکەوین کە بزانین چی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هەرێمەکەدا، زۆر گرینگە هێزە کوردییەکان بە زووترین کات پێکەوە بچنە بەغدا و دەست دانووستان بکەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەر لە باسی یەکگرتوویی لایەنە کوردییەکان لە بەغدا، ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر جار ووتمانە ئێمە دەبێت لە بەغدا بەهێز بین، بەهێزبوونی کورد لە بەغدا گەرەنتییە هەم بۆ عێراق هەم بۆ هەرێمی کوردستان".

لە بارەی درووشمی ئەم جارەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، نێجێرڤان بارزانی ڕوونی کردەوە، درووشمی ئەو جارەی ئێمە ئەبووە کە دەبێت عێراق دەستوور جێبەجێ بکات، ئەمەش داواکاری سەرەکی ئێمە بوو، هەروەها ئەمە دەبێت داواکاری سەرجەم هێزە کوردییەکانیش بێت.