پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرد
سێشەممە 1/13، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, پێشوازی لە جاشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە وێندی گرین، کونسووڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، برەودانی زیاتر بە پەیوەندی دوولایەنە و دۆخی گشتی عێراق و دانووستان و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ تاووتوێ کرا .
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرینگی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دابین کردنی ماف و شایستە دارایی یەکانی هەرێم و بەردەوامبوونی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵ ەوە، بە هەر دوو مووچەی مانگەکانی یازدە و دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە.
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، پشتیوانی ووڵاتەکەی بۆ هەرێم و بە تایبەتی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە کەرتە جۆراوجۆرەکان دا دووپات کردەوە و ئاماژەی دا بەوەی هەرێمی کوردستان هاوبەش و هاوپەیمانێکی بەهێز و گرینگی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هاوکاری و پشتیوانی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد.
دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.