سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرد

Dîroka Belavkirin :
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرد
پەیامی کورد    ...   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرد

سێشەممە، 13ی کانوونی دووەمی 2026، لە پیرمام، سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بە سەرۆکایەتی جاشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، کە خاتوو گویندەلن گرین، کونسووڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، ئامادەی بوو، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد و کورتەیەکی لەبارەی پڕۆسەی سیاسی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەوڵەکان بۆ  پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدراڵی یەکگرتوو لە عێراق بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو.

هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق تیشکی خستەسەر دۆخی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی سووریا، و ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانی کرد لە خستنەسەرپێی پڕۆسەی سیاسی عێراق و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی سووریا.

لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، پیرۆزبایی ساڵی تازەی لێ کردن. هەروەها لەبارەی دۆخی عێراق دڵنیایی ئەوەی بۆ شاندی میوان دووپاتکردەوە کە هەرچی لە توانای دابێت، بۆ هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدراڵی بەهێز  درێخی ناکەن، هەروەها لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و گیروگرفتەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لەلایەک چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.

سەبارەت بە دۆخی سووریا و ئالنگارییەکانی ناوچەکە بە گشتی، سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپاتکردەوە کە هەوڵی جیددی دەدات بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە ڕێگەی دیالۆگ و لێک تێگەیشتن و، دوور لە تووندوتیژی چارەسەر بکرێن.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و  ئەمریکا، و هەوڵەکان بۆ بەردەوامی و باشترکردنی ئەم پەیوەندییانە، تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.