سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: هەوڵەکانمان بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ کۆبانێ بەردەوامن

Dîroka Belavkirin :
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: هەوڵەکانمان بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ کۆبانێ بەردەوامن
پەیامی کورد- قامیشلۆ... سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: هەوڵەکانمان بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ کۆبانێ بەردەوامن

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، دەزگاکە لە هەوڵ و کۆششەکانی بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ شاری کۆبانێ بەردەوامە، جەختیشی کردەوە کە شارەکە پێگەیەکی تایبەتی لای ئەوان هەیە.

ئەحمەد، لە لێدوانێکتدا ڕوونی کردەوە، دەزگاکە لەو کاتەوەی چووەتە ناوچەکانی "ڕۆژئاوا"، هەموو هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە کۆبانێ چڕ کردووەتەوە و وتیشی: "گوێمان لە دەنگی کەسوکارمانە لە کۆبانێ، و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کاتەکانی پێشووشدا هاوکاری پێشکەش کردوون".

ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبانێ پێگەیەکی تایبەتی "لای جیهان و لای دەزگای خێرخوازیی بارزانی" هەیە، باسی لەوەش کرد کە لە یەکەم ڕۆژی گەمارۆکەوە، پەیوەندی بە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی ئیدارەی قامیشلۆوە کراوە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی گەیاندنی هاوکاری بۆ شارەکە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.

سەرۆکی دەزگاکە ئەوەشی خستە ڕوو کە هەوڵەکانی پەیوەندیکردن هەریەکە لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و دەرەوەی لە دیمەشق گرتووەتەوە، کە تێیدا پێشنیازی دوو ڕێڕەو بۆ هێنانە ناوەوەی هاوکارییەکان کراوە؛ یەکەمیان لە ڕێگەی شاری حەلەبەوە، بەهۆی هەبوونی نووسینگەی دەزگاکە لە عەفرین، دووەمیشیان لە ڕێگەی ڕێگای حەسەکەوە.

ئەحمەد جەختی کردەوە کە سەرۆک مەسعوود بارزانی لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ دەزگاکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کۆبانێ، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەریەکە لە سەرۆک مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی تایبەت بەو شارە دەدەن.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەم گرنگیپێدانە لە سایەی ئەو بارودۆخە مرۆییە سەختەدایە کە کۆبانێ تێیدایە و وتی: "بەداخەوە دەبینین کۆبانێ لە بارودۆخێکی مرۆیی خراپدایە، و ڕاپۆرتەکانمان لە ناو شارەکە و لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێ دەگات کە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە".

لە هەمان چوارچێوەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە سێشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، ڕایگەیاندبوو کە ١٦٥ بارهەڵگری پڕ لە هاوکاریی مرۆیی چوونەتە ناو ناوچە کوردییەکانی جەزیرەی سووریا، بە مەبەستی یارمەتیدانی ئاوارەکان.

موسا ئەحمەد، لەو کۆنگرەیەدا وتبووی، هاوکارییەکان ٥٧ هەزار و ٩٥٥ ئاوارەیان کردووەتە ئامانج، کە ٩ هەزار و ١٨٠ ژنیان تێدایە، ئاماژەی بەوەش کردبوو کە هاوکارییەکان لە ٨٢ قوتابخانەدا دابەشکراون کە وەک ناوەندی حەوانەوەی ئاوارەکان بەکاردەهێنرێن.