پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی : هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئەو ناوچە کوردییانەی بەدەستەوە ماون پارێزراو بن
سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ڕایگەیاند: ئیتاڵیا هەمیشە هەڵوێستێکی زۆر دۆستانەی هەبووە بەرانبەر گەلی کوردستان.
هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند : قەداسەتی پاپا و وەزیری دەرەوە و بەرگری زۆر لەگەڵ کورد هاوسۆزن، قەداسەتی پاپا بەپەرۆش بوو بۆ دۆخی کوردستان و بەڵێنی دا کە هاتە عێراق، بێتە کوردستانیش.
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئیتاڵیا جەجتیان لەوە کردووەتەوە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی کوردستان و پێشمەرگە، هەروەها ئەوەی پێیان بکرێت لەگەڵ دۆستەکانیان لە ئەورووپا و ئەمریکا، هەوڵ بدەن پشتیوانی لە گەلی کوردستان بکەن بەتایبەت لەودۆخە ئاڵۆزەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.
لەبارەی پەیامی میدیاکارانی کوردستانیش، سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە ووتی : پەیامی من بۆ میدیاکارانی کوردستان ئەوەیە، بەرگری لە مافی گەلی کورد بکەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی لە تووندوتیژی نەکەن، پشتیوانی لەوە نەکەن ببێتە شەڕی کورد و نەتەوەیەکی دیکە، بەتایبەت ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوو دەدات کە عەرەبن، چونکە شەڕی دوو نەتەوە کارەساتە و نابێت کورد بەرەو ئەوە بچێت، لەبەر ئەوە ڕۆڵی میدیاکاران دەبێت ڕۆڵێكی ئەرێنی بێت و پشتیوانی لە کورد بکرێت، پشتیوانی لە مافی کورد بکرێت، ناشبێت ببنە ڕێگە خۆشکەر بۆ شەڕی دوو نەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بارزانی ووتی: درووستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ووردەکاری زۆرە، بەڵام ناکرێت هەموو ووردەکارییەکان باس بکەین، دەڵێت: هەر کە شەڕ لە حەلەب دەستی پێکرد، من پەیامێکم بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئێستای سووریا نارد لەڕێگەی دۆستێکی عەرەب کە دۆستێکی ئەوانە و ناسیاویانە و پێم ووت کە شەڕی نێوان دوو هێزی سیاسی دەبێت چارەسەر بکرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک قابیلی قەبووڵ نییە تەعەدا لە کورد بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەم پرسە دەرهاوێشتەی زۆر مەترسیداری دەبێت و پێویستە ووریا بن، بۆیە ئەحمەد شەرع داوای کرد کە بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ بکات، منیش بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەمە نابێت و پرسێکی مەحاڵە و ڕێگە بەو شەڕە نادەن، دوای ئەو تۆم باراک تەلەفۆنی بۆ کردم و ووتی : پێم خۆشە بێمە هەولێر و مەزڵووم عەبدیش لەگەڵ من بێت، منیش ووتم بەسەرچاو، بۆیە ئەوان هاتن.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: ئێمە لە کۆبوونەوەدا بووین کە پەیام دوای پەیام دەهاتن و ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد شەڕ دەستی پێ کردووەتەوە.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: خۆی شەڕەکە، هێزە عەشایرە عەرەبییەکان بوون کە لەگەڵ بەشار ئەسەد بوون، دواتر کە داعش هات، چوونە پاڵ داعش، کە داعش نەما، پەیوەندییان بە هەسەدەوە کرد، ئێستا کە هێزی سووپای سووریا هاتوون، جارێکی دیکە وەلائی خۆیان گۆڕی، ناوچەکەیان ڕادەستی دیمەشق کردەوە، شەڕەکە بەوشێوەیە بوو، نەوەک شەڕێکی وا نەبوو، سەرۆک بارزانی ووتی : من لەمێژە بە مەزڵوومم و برادەرانی دیکەشم گوتووە، چارەسەرێک بدۆزنەوە، ئەو ناوچە عەرەبییانە ڕەنگە ببنە کێشە بۆتان.
سەبارەت بە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش کە ئێستا مەترسی هێرش کردنە سەریان لەسەرە بۆ ئەوەی داگیر بکرێن، سەرۆک بارزانی ووتی : ئێستا ئەو ناوچە کوردییانەی کە بەدەستەوە ماوە، هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئەو ناوچانە بمێننەوە و پارێزراو بن، مافی خەڵکی ئێمە لەوێ بە هەر شێوەیەک بێت، پارێزراو بێت بەوشێوەیەی کە خۆیان رێککەوتنی لەسەر دەکەن.
سەبارەت بەو کۆبوونەوە گرینگانەی لە هەولێر بەڕێوەچوون، سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد، دوێنێ کۆبوونەوەیەکی دیکە لەنێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک و فەرماندەی سێنتکۆم لە هەولێر بەڕێوەچووە، لەسەر ئاگربەست ڕێکەوتوون، هەندێک هەنگاوی باش نراوە، ئومێدەوارم ئەو ئاگربەستە درێژە بکێشێت و بگەنە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت، چونکە شەڕ لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە، هاوکات کردار شەرتە، قسە و خۆدەرخستن و موزایەدات پێویست ناکات.
سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش، سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد کە، مەترسی داعش یەکجار زۆرە و داعش تەواو نەبووە، ئەو دۆخەی لە سووریا درووستبووە ئێستا، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ داعش دروست کردووە، سەرۆک بارزانی ووتی: هێشتا زانیاری وورد نییە چەند لەو داعشانە ڕایان کردووە، بەڵام زانیاری هەیە و دەزانین ژمارەیەکی زۆر ڕایان کردووە، بۆیە ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنێک لەنێوان ئەمریکییەکان و عێراق کراوە، بۆ ئەوەی ئەو داعشانەی لە سووریا ماون، ڕەوانەی عێراق بکرێن و لەوێ زیندانی بکرێن، سەرۆک بارزانی دەڵێت: ئەگەر ئەمە بکرێت باشە، بەڵام هیچ زانیارییەک نییە چۆن دەبێت.
سەرۆک بارزانی هەمیشە پشتیوانییەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان دووپات دەکاتەوە، سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان سەرۆک بارزانی ووتی : دڵ و دەروونمان لەگەڵ خوشک و براکانمانە لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەمە میانگیری نییە، من هیچ کاتێک بڕوام بە شەڕ نەبووە، حەزیشم بە شەڕ نەبووە، بەڵام بگاتە سەر ئەوەی تەعەدا لە کورد بکرێت، ئەوکاتە ئێمە ئامادەین بۆ هەموو شتێک، ئێمە نامانەوێت بگاتە ئەوە، تاکوو مومکین بێت بەزمانی لێکتێگەیشتن و بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، دەبێت بەم شێوازە بێت، بەڵام ئەگەر بەرنامەیەک هەبوو بۆ ئەوەی تەعەدا لە کورد بکرێت و کورد لە ناوچەکە نەمێنێت، ئەو وەختە ئێمە هەموو یەکین.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا و ووڵاتان، سەرۆک بارزانی بە ڕۆژنامەنووسانی ووت : بڕیار، بڕیاری ئەمریکایە، ئەوان بڕیار دەدەن ئەنجامەکە چۆن دەبێت و بڕیار دەدەن هەموو لایەنەکان چۆن مامەڵە بکەن.
سەبارەت بە ئیتاڵیاش، سەرۆک بارزانی ووتی : ئیتاڵیا لەگەڵ گەلی کورد و مافی گەلی کوردە و دژی چەوسانەوەیە، دژی دەستدرێژی کردنە بۆ سەر مافی گەلی کورد، دەشڵێت: ئیتاڵیا هانی ئەمریکا و ناتۆی داوە بەرگری لە مافی کورد بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئیتاڵیا لەگەڵ چارەسەری ئاشتییە، هەموویان لەگەڵ چارەسەری ئاشتیدان.
سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد، لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا، چەند لایەنێک دەرکەوتوون و دەیانەوێت دۆخەکە سەرلەبەری تێک بدەن، دەیانەوێت فیتنەیەک دروست بکەن کە دواتر نەتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، باردۆخەکە تەواو سازە بۆ ئەوەی فیتنەیەک دروست ببێت لەلایەن هەر لایەنێکەوە.
سەبارەت بە گەمارۆدانی کۆبانێ، سەرۆک بارزانی ووتی: هەرچیم پێ بکرێت بۆ کۆبانێ، دەیکەم، ئەگەر دەرفەتی ئەوەم هەبا وەکو ساڵی 2014، ئێستا هێزم دەنارد بۆ کۆبانێ، بەڵام ئەو دەرفەتەی ئەوکاتە هەبوو، ئێستا نییە، بەڵام کۆبانێ لەچوارچێوەی ئەو ناوچانەیە کە ناوچەی کوردین و نابێت دەستی لێ بدرێت، ئەمە ئەوەیە کە قسەی لەسەر کراوە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، ئێمە لەسەر ئەوە دەڕۆین، لەیەکەم ڕۆژەوە داوام لە دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد، بەهەرچی توانایان هەیە بچن بۆ کۆمەکردنی خوشک و برایانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان، سوپاس بۆ خودای گەورە کە توانیوویانە ڕۆڵێکی باش ببینن.