سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەرانی کۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد

Dîroka Belavkirin :
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەرانی کۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد
پەیامی کورد    ...   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەرانی کۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد

چوارشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە شاری دهۆک سەرۆک مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە شاندێکی نوێنەرانی کۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە دۆزی نەتەوەی کورد لەسەرووی هەموو شتێکە و بایەخدان بە ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدایە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر گرینگی کۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کە لە دەرەوە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن له بوارە زانستییە جۆراجۆرەکان و لەم ڕووەوە جێ پەنجەیان دیار و بەرچاوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستەسەر مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و ئیرادەی گەلی کورد لە پێناو مانەوەو بەرگریکردن لە ناسنامە و خەبات لە دژی زۆرداری هەروەها ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان کە هەموو کات پێشوازی لە هەموو هەوڵێکی ئاشتی کردووە هەرگیز پەلاماردەر نەبووە ئەمەش وایکردووە کوردستان ببێتە ناوچەیەکی گرینگی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم ئایین و مەزهەبەکان ئەم فەرهەنگەش دەبێت بپارێزرێت و دەستی پێوە بگیرێت.

سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە مەترسیەکانی ماددەی هۆشبەر کرد لەسەر هەرێمی کوردستان، کە دوژمنان بە پیلان و بەرنامە هەوڵی بڵاوکردنەوەی دەدەن رایگەیاند دەبێت زۆر بە تووندی ڕووبەڕووی ببنەوە، هاوکات بە گرینگیەوە باسی لە هەنگاوە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان کرد 

سەرۆک بارزانی پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپاتکردەوە و بە گرینگیشی زانی هەموو کوردستانیان کار بکەن بۆ ئەوەی دۆستی زیاتر بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان پەیدا بکەن.