ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا

Dîroka Belavkirin :
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا
پەیامی کورد    ...   ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا

لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئیتاڵیا، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە ڕۆما سەرۆک مەسعوود بارزانی و بەڕێز ئەنتۆنیۆ تایانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و دواپێشھاتەکانی ناوچەکە و سووریا بەگشتی و مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی داعش تاوتوێ کران، جەختیش لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ڕێگەی دیاڵۆگ و گفتوگۆی ئاشتیانە کرایەوە دوور لە تووندوتیژی شەڕ و پێکدانان.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی پێکەوەژیان و سەقامگیری لە عێراق و کوردستان کرد و ھەروەھا پێزانینی بۆ ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی ھەبوو بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا  بۆ ئەوەی گەلی کورد لە سووریا تووشی نەھامەتی نەبێت.

پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەبوون، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگیدان و زیاتر بەرەوپێش خستنی ئەو پەیوەندیانە لە ھەموو بوارەکاندا.

ھەروەھا وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پاڵپشتی ووڵاتەکەی بۆ حکوومەتی ھەرێم و گەلی کوردستان دووپات کردەوە.