وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاڵمانیا تواناکانی فریاگوزاری بەهێز دەکات

Dîroka Belavkirin :
وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاڵمانیا تواناکانی فریاگوزاری بەهێز دەکات
پەیامی کورد    ...   وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاڵمانیا تواناکانی فریاگوزاری بەهێز دەکات

یەکشەممە، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، قۆناغێکی نوێی پڕۆژەی پەرەپێدانی تیمەکانی ووڵامدانەوەی قەیرانەکان ڕاگەێندرا، کە تێیدا دوو تیمی نوێی فریاگوزاری خێرا بۆ ئیدارەی ڕاپەڕین و قەزای شەقڵاوە دەست بەکار بوون.

سروە ڕەسووڵ، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند : " لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کونسووڵخانەی گشتی ئاڵمانیا، دوو تیمی دیکە خرانە خزمەت، بەوەش کۆی ژمارەی تیمەکانی ووڵام دانەوەی خێرا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە نۆ تیم."

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم تیمانە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و بە نوێترین کەل وپەلی تەکنیکی ئامادە کراون، تاوەکوو لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا بە خێرایی بە هانای لێقەوماوانەوە بچن.

تیمە نوێیەکان تایبەت دەکرێن بە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و قەزای شەقڵاوە، ئەرکی سەرەکیشیان بریتییە لە: ووڵامدانەوەی خێرا: گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکان لە کەمترین کات دا. هەماهەنگی ناوەندی : بەستنەوەی سەرجەم یەکەکانی تەندرووستی و بەرگری شارستانی لە ڕێگەی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییەوە. هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان: مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە سرووشتییەکان و هەر حاڵەتێکی لەناکاوی تر کە پێویستی بە دەستێوەردانی ئەکادیمی هەبێت.

سروە ڕەسووڵ، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم تیمانە تەنیا بۆ ڕووداوە سرووشتییەکان نین، بەڵکوو بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادە کراون و بە بەردەوامی خولی ڕاهێنانی مۆدێرنیان بۆ دەکرێتەوە تاوەکو لە ئاستی ئەرکە قورسەکان دا بن.