باشترین گوندی گەشتیاری لەسەر ئاستی ووڵاتان دەست نیشان دەکرێت

پەیامی کورد ... باشترین گوندی گەشتیاری لەسەر ئاستی ووڵاتان دەست نیشان دەکرێت
بەڕێوبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ووتی "لەسەر ئاستی عێراق دوو شوێن لە هەریمی کوردستان دیاریکراون کێبڕکێ دەکەن بۆ نازناوی باشترین گوندی گەشتیاری لەسەر ئاستی ووڵاتانی عەرەبی، بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری تەواو کراوە و پێشبینی دەکەین ئەنجامی باش بەدەست بێنین."
سیروان تەوفیق، بەڕێوبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "پێشبرکێ دەکرێت بۆ ھەڵبژاردنی نازناوی باشترین گوندی گەشتیاری ووڵاتانی عەرەبی کە لە هەموو عێراق دوو شوێن لە ھەرێمی کوردستان دیاریکراون ئەوانیش (ڕەواندز و بیارە)ن بەھۆی ئەوەی شوێنی گەشتیارین و ھەموو خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرن، بۆیە فایلی ھەردوو شوێن ئامادەکراوە، ئەمە لەسەر ئاستی وڵاتانە و عێراق شوێنی لەو شێوەیەی نییە و داوای لە ھەرێمی کوردستان کردوە شوێن دیاری بکات، ئێمەش لەسەر ئاستی عێراق ئەو دوو شوێنەمان دیاری کردوون، لەڕێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشکەشی حکوومەتی عێراق کراون بۆ ئەوەی بەشداری لەو پێشبرکێیە بکەن، وەکوو چۆن لەساڵی ٢٠١٤ ھەولێر بووە پایتەختی گەشتیاری، ئەم جارەش چاوەڕێ دەکەین ڕەواندز و بیارە بکرێنە گوندی گەشتیاری ووڵاتانی عەرەبی."
سیروان تەوفیق ووتیشی "ئەوش بەڵگەیە کە ئەمن و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەبارە بۆ گەشتیاری و لە عێراق ئەوە نییە، هاوکات چەند سوودێکیشی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، کەرتی گەشتیاری ھەرێمی کوردستان کێبرکێ لەگەڵ ووڵاتان دەکات، کۆمپانیای گەشیاری و وەبەرھێنەری گەشتیاری دێنە ھەرێمی کوردستان و گەشتیاری زیاتریش ڕووی تێدەکەن، چونکە ئەو ھەڵبژاردنە ھەر جارە و لەسەر ئاستێک دەکرێت، ئەم جارە بۆ گوندی گەشتیارییە و ھەرێمی کوردستانیش بەشدارە، پێشبینی دەکەین بەھۆی ئەو فایلانەی ئامادەکراون ئەنجامی باش بەدەست بێنین کە لەسەر ئاستی ھەموو ووڵاتانە و بڕیارە لەئایندەیەکی نزیک دا هەڵبژاردنەکەی بەڕێوە بچێت."





