سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەنجوومەنی پشتیوانی پارێزگای هەڵەبجە کرد

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەنجوومەنی پشتیوانی پارێزگای هەڵەبجە کرد
پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەنجوومەنی پشتیوانی پارێزگای هەڵەبجە کرد

سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانی پارێزگای ھەڵەبجە کرد و ڕایگەیاند، "بە شانازییەوە خۆم بە ئەندامی ئەنجوومەنی پشتیوانی پارێزگای ھەڵەبجە دەزانم".

ڕۆژی شەممە ٥ی تەمموزی ٢٠٢٥ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانی پارێزگای ھەڵەبجە کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا شاندی میوان بەناوی خەڵکی ھەڵەبجە سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی ھەبوو لە ھەوڵەکانی بۆ بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە و ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشتر پێشکەش بە ھەڵەبجە کراون، ھەروەھا سوپاسی سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێم و پەرلەمان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستانیان لە بەغدا کرد کە پێکەوە ھەوڵی جیددییان دا بۆ سەرخستنی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە، ھەروەھا داوایان کرد سەرۆک بارزانی بەردەوام بێت لە پاڵپشتییەکانی خۆی بۆ ھەڵەبجە و خزمەتگوزاری زیاتر بۆ دەڤەری ھەڵەبجە لەڕێی دامەزراوەکانی ھەرێم.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی بەگەرمی بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و قوربانیدانی ھەڵەبجە ڕایگەیاند، بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە تەنیا بابەتێکی مەعنەوی و لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاترە و بە قوربانیدان و گەورەیی ھەڵەبجە بەراورد ناکرێ، ھەروەھا ئەوەشی خستەڕوو کە بە شانازییەوە خۆی بە ئەندامێکی ئەنجوومەنی پشتیوانی پارێزگای ھەڵەبجە دەزانێ و ئەرکی دامەزراوەکانی ھەرێمیشە ئەوەی لە توانایان دا بێت بۆ خزمەتگوزاری ھەڵەبجە ئەنجامی بدەن.

ھەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بەرچاوڕوونی پێویستی خستەڕوو.

ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە