ڕوونكردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە

پەیامی کورد ... ڕوونكردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئەو چاوەڕوانییەی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ هەیە لەكاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارییەتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕەوییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان دەکرێت.
دەقی ڕاگەێندراوی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارییەتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.
لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ درووست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاسایی یانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر.
ئەمە لە حاڵێكدا بوو كە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە.
لێرەدا ڕایدەگەێنین كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیری ووڵات ئەركی لەپێشینەی دام ودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.
ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە




