سەرۆکی حکوومەت : عێراق پێویستی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە ھەیە

پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت: عێراق پێویستی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە ھەیە
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی ھاوئاھەنگی و ھاریکاری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا.
رۆژی دووشەممە ٥ـی ئایاری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە پێکھاتبوون لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی.
سەرۆکایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرینگی پەرەپێدانی ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی لە بەرژەوەندی گشت ھاووڵاتییان و پێکھاتەکانی عێراقدان".
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، دووپات لە پێویستی ئازادی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوولەی کاڵاکان لەنێوان ھەموو ناوچەکانی عێراق و نەھێشتنی ھەر بەربەست و ئاستەنگێک لەو بارەیەوە کرایەوە.
زیاتر روونکراوەتەوە "گفتوگۆ لەبارەی گرینگی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و ھەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی ھێڵی ئاسنین کرا و دووپات لە بەشداری و سوودمەندبوونی ھەرێمی کوردستان و ھەموو ناوچە و پێکھاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە".
بەگوێرەی راگەێندراوەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان "مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە؛ پێویستە ڕێز لە سیستمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی ھەر لایەکی دەستنیشان کردووە".
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا؛ "عێراق لە ڕووی مادی و مرۆییەوە، ووڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی ژێئۆپۆلیتیکی گرینگە و تەنیا پێویستی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە ھەیە کە ڕێز لە مافەکانی ھەموو ناوچە و گشت پێکھاتەکانی عێراق بگرێت".
ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە




