وەبەرھێنان لە زاخۆ لە گەشەدایە

وەبەرھێنان لە زاخۆ لە گەشەدایە
پەیامی کورد    ...   وەبەرھێنان لە زاخۆ لە گەشەدایە

بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زاخۆ بووە ئیدارەی سەربەخۆ، ئێستا بەردەوام کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی دێن و دەیانەوێت لە زاخۆ وبەرھێنان بکەن، کە ٢٢ پڕۆژە پێشکەش کراون و چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ مووڵەت بە ١٥ پڕۆژە بدرێت، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەکە زۆر زیاترە.

جگەرخوێن تاھیر، بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی زاخۆ بووە ئیدارەی سەربەخۆ، کەرتی وەبەرھێنان بەردەوام لە گەشەدایە و ئێستا وەبەرھێنەرێکی ئیماراتی لە زاخۆ پڕۆژەیەکی ھەیە لە سێکتەری کشتوکاڵ لەسەر ڕووبەری ھەزار دۆنم و بەرھەمیشی ھەیە، هەروەها کۆمپانیایەکی سویسریش پڕۆپۆزەڵێکی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بەرھەمی پاککەرەوە دروست بکات و کۆمپانیاکانی تورکیاش بەردەوام دێن بۆ ئەوەی لە ناوچەی پیشەسازی کۆمپانیا دابنێن، یەکێک لەوانەش دەیەوێت کارگەی ئاوی تەماتە و سۆس و کەچەپ و مایۆنێز درووست بکات و لە عێراقیش ھاتبوون کارگەیەک دروست بکەن، بۆیە ئێمە دیراسەمان کردووە بۆ ئەوەی شوێنیان لە ناوچەی پیشەسازی زاخۆ بۆ دیاری بکەین، کە ٨٠٠ دۆنم زەوی بۆ تەرخان کراوە لە ناحیەی رزگاری، چاوەڕێش دەکرێت تا کۆتایی ساڵ مووڵەت بە ١٥ پڕۆژە بدەین و ساڵی ڕابردووش مووڵەت بە ١٠ پڕۆژە بە سەرمایەی نزیکەی ٣٦ ملیۆن دۆلار دراوە، بۆیە ئەمساڵ پڕۆژەکان زیاتر دەبن، چوونکە ئامادەکاری بۆ زیاتر لە ٢٢ پڕۆژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکان تەواو بکرێن، بۆیە تا کۆتایی ئەمساڵ چاوەڕێ دەکرێت مووڵەت بە لایەنی کەمەوە بە ١٥ پڕۆژە بدرێت.

تاھیر ووتیشی، بڕیار بوو کۆمپانیای قەتەریش بێن لە زاخۆ سێ پڕۆژە ئەنجام بدەن، کە یەکێک کشتوکاڵی بوو و پڕۆژەیەکیش درووستکردنی چەند جۆرێکی گۆشت و براندێکی خواردنیش بوون، بەڵام دواتر نەھاتن و ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بە ڕای من،  کە عێراق رێگر بێت بەھۆی ئەوەی بەغدا دەیەوێت سەرەتا بچن لە عێراق وەبەرھێنان بکەن دواتر بێنە ھەرێمی کوردستان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کەرتی وەبەرھێنان لە زاخۆ بەردەوام لە پێشکەوتن دایە و ساڵانەش ژمارەی پێدانی مووڵەت بە پڕۆژەکان زیاتر دەبێت.

ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە