سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ستایشى هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى کرد

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ستایشى هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى کرد
پەیامی  کورد   ...   سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ستایشى هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى کرد

ھەینی ٢٠٢٥/٧/١١ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندی سەرۆکایەتی دەم پارتی و ژمارەیەک لە سیاسەتمدارانی کورد کرد کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی گەریللاکانی پەکەکەدا، کردبوو.

لە دیدارێکدا شاندەکە سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵ و ھەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دا لە تورکیا دەربڕی، ھەروەھا دووپاتیان کردەوە کە بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو و سەرخستنی پرۆسەکە، چاویان لە بەردەوامی پشتگیری و ھاوکارییەکانیە.

لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرینگی چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی کردەوە و ستایشی ھەنگاوی ئەمڕۆی چەکدانانی گەریللاکانی پەکەکەی کرد، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی بۆ ھەوڵەکانی بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیای بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ‌دووپات کردەوە.

ھەردوولا جەختیان کردەوە کە ئاشتی لە بەرژەوەندی ھەموو لایەک و تورکیا و تەواوی ناوچەکەدایە و بۆ ئەم مەبەستە دەبێ ھەمووان تەواوی پشتگیری لێ بکەن، ھەروەھا ھاوڕا بوون کە ھەنگاوەکانی داھاتوو، پرۆسەکە زیاتر دەباتە پێشەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا شاندەکە سوپاسی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو یارمەتی و ئاسانکارییەی لە ھەموو ڕوویەکەوە بۆ بەڕێوەچوون و سەرخستنی ڕێوڕەسمی چەکدانان، پێشکەشیان کردبوو.

ئەم بابەتە 6 جار خوێندراوەتەوە