وەزیری ئەوقاف : نەناردنی مووچە لەڕووی ئایینی و مرۆیی یەوە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە

پەیامی کورد ... وەزیری ئەوقاف : نەناردنی مووچە لەڕووی ئایینی و مرۆیی یەوە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، نەناردنی مووچە لە رووی ئایینی و مرۆییەوە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە کە شتی لەو شێوەیەمان لە مێژووش دا نەبیستووە.''
هەینی، 06-06-2025، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دا وێڕای پیرۆزبایی خۆی بە خەڵکی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ووتی، ''ئێمە زۆر نیگەرانین کە بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لە جەژنی پیرۆزدا بڕیوە.''
پشتیوان سادق ئاماژەی بەوە کرد، ''بێگومان بڕوا ناکەم هیچ حکوومەتێکی جیهان، لە بۆنەیەکی ئەوها پیرۆزدا مووچەی مووچەخۆرانی هاووڵاتییانی خۆی ببڕێت.''
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لەوە کردەوە، ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەپێی دەستوور و یاسا جێبەجێ کردووە. ئەوەی حکوومەتی عێراق بە سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان دەیکات، هیچی کەمتر نییە لەو سزایانەی کە رژێمە یەک لەدوای یەکەکان، بە چەندین شێوە دژی خەڵکی کوردستان دەیان کرد.''
نەناردنی مووچە لەکاتێک دایە کە هێشتا مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە. پشتیوان سادق ئەوەشی خستەڕوو، ''نەناردنی مووچە لەڕووی ئایینی و مرۆییەوە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە کە شتی لەو شێوەیەمان لە مێژوودا نەبیستووە.''
وەزیری ئەوقاف ئاماژەی بەوە کرد، ''حکوومەت داکۆکی لە مووچەخۆران دەکات و لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ووڵاتانی جیهان و لەگەڵ بەغداش هەوڵی جیددی دەدات، بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت، چوونکە ئەوە ستەمێکی زۆر گەورەیە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت.''
بەووتەی پشتیوان سادق لەدوای جەژن، ''هەنگاو بۆ لابردنی ئەو سزا گەورەیە دەندرێت کە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. ئاسۆمان گەشە و پشتمان بە خودای گەورە، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و حکوومەتی خۆمان ئەستوورە''.
ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە




