پەیامی کورد... ئەڵمانیا پێنج کەس بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشێکی تیرۆریستی دەستگیر دەکات
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ئێوارەی دوێنێ شەممە، دەستگیرکردنی پێنج کەسیان ڕاگەیاند بە گومانی تێوەگلانیان لە پلانێکی "تیرۆریستی" بۆ خۆکێشان بە بازاڕێکی کریسمسدا لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلەوە، بە ئامانجی کوشتن و بریندارکردنی سەردانیکەرانی.
پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، میسرییەک و سێ مەغریبی و سوورییەک دەستگیرکراون، ئەوەش لەسەر پاشخانی پلاندانان بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکە لە ویلایەتی باڤاریا لە باشووری ئەڵمانیا.
لە بەیاننامەیەکدا ئەوەشی خستەڕوو: "هێرشەکە بازاڕێکی لە ناوچەی (دینگۆلفینگ-لانداو) کردبووە ئامانج، ئەویش بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلێک بە مەبەستی کوشتن یان بریندارکردنی زۆرترین ژمارەی خەڵک".
سەرجەم گومانلێکراوەکان دوێنێ شەممە، چوونە بەردەم دادوەر و هێشتا لەژێر دەستبەسەریدان.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دۆخی ئامادەباشییان بەرزکردەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر بازاڕەکانی کریسمس، ئەمەش دوای هێرشێکی ساڵی ڕابردوو بە ئۆتۆمبێل بۆ سەر بازاڕێک لە شاری (ماگدێبۆرگ)، کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە.