سەرچاوەیەکی ئەمنیی سووری: ئەنجامدەری هێرشەکەی تەدمور ئەندامێکی دەزگای ئاسایشی گشتیی سووریایە

Dîroka Belavkirin :
سەرچاوەیەکی ئەمنیی سووری: ئەنجامدەری هێرشەکەی تەدمور ئەندامێکی دەزگای ئاسایشی گشتیی سووریایە
پەیامی کورد- دیمەشق... سەرچاوەیەکی ئەمنیی سووری: ئەنجامدەری هێرشەکەی تەدمور ئەندامێکی دەزگای ئاسایشی گشتیی سووریایە

سەرچاوەیەکی ئەمنیی سووری دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند، ئەو کەسەی هێرشەکەی کردە سەر دەوریە هاوبەشەکەی هێزەکانی ئەمەریکا و سووریا لە نزیک شاری تەدمور لە ناوەڕاسی سووریا، ئەندامی دەزگای ئاسایشی گشتیی سەر بە حکومەتی ئینتیقالیی سووریا بووە.

ئاژانسی "فرانس پرێس" لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکەوە گواستیەوە و وتی: "ئەنجامدەری ئەو هێرشەی کرایە سەر شاندە سەربازییە هاوبەشەکە لە ناوەڕاسی سووریا، ئەندام بووە لە دەزگای ئاسایشی گشتی".

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دوێنێ شەممە، ڕایگەیاند کە دوو سەربازی ئەمەریکی و مەدەنییەکی ئەمەریکی کوژراون و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون، ئەوەش لە ئەنجامی بۆسەیەکدا کە چەکدارێکی ڕێکخراوی "داعش" لە سووریا دایتبوەوە.

سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەش دا، دەسەڵاتداران "زیاتر لە ١١ ئەندامی هەمان دەزگایان دەستگیرکردووە و دوای هێرشەکە ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کراون".

وەک ئەوەی "فرانس پرێس" بڵاویکردووەتەوە، سەرچاوەکە ڕوونیکردەوە: "ئەنجامدەری هێرشەکەی تەدمور لە ماوەی زیاتر لە دە مانگی ڕابردوودا ئەندامی ئاسایشی گشتیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بووە، و بەر لەوەی بگوازرێتەوە بۆ شاری تەدمور، لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی لە چەند شارێکی دیکە کاریکردووە".

مانگی ڕابردوو، دیمەشق بە فەرمی پەیوەندی کرد بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش"، ئەوەش دوای سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ئینتیقالی، بۆ واشنتن.