تورکیا: ڕێککەوتنی سنووری دەریایی لوبنان و قوبرس قبوڵ ناکرێت

Dîroka Belavkirin :
تورکیا: ڕێککەوتنی سنووری دەریایی لوبنان و قوبرس قبوڵ ناکرێت

 

تورکیا ڕێککەوتننامەی سنووری دەریایی کە لە نێوان لوبنان و قوبرس واژۆ کراوە بە قبوڵنەکراو زانی و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ڕێککەوتنە پێشێلکردنی مافی قوبرسییە تورکەکانی ئەو دورگەیە.

لوبنان و قوبرس ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتنێکی چاوەڕوانکراویان واژۆ کرد بۆ دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانیان، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ گەڕان بەدوای گازی دەریایی و بەرزکردنەوەی هاوکاری وزە لە دەریای ناوەڕاست.

تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، دان بە حکومەتی قوبرسی یۆنانیدا نانێت لە دوورگەی قوبرس کە لە ڕووی نەتەوەییەوە دابەشکراوە. هەروەها تاکە وڵاتە کە دان بە کۆماری تورکی جیابووەوەی قوبرسی باکووردا دەنێت و چەندین جار گلەیی ئەوەی کردووە کە قوبرسییە یۆنانیەکان مافی قوبرسی تورک پشتگوێ دەخەن و پێشێل دەکەن.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هەفتانەدا ڕایگەیاند: مەحاڵە ئێمە هەر ڕێککەوتنێک قبوڵ بکەین کە مافەکانی کۆماری تورکیای باکوری قوبرس پشتگوێ بخات.

وەزارەتەکە زیادی کرد: ئەم ڕێککەوتنە کە مافەکانی کۆماری تورکیای باکوری قوبرس پشتگوێ دەخات، بە پێشێلکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی لوبنانیش دەبینین و بە هاوتا لوبنانییەکانمان دەڵێین کە ئامادەین لە پرسە دەریاییەکان هاوکاری بکەین.

ئۆنچو کیسیلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە پلاتفۆرمی ئێکس قسەی کرد و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە نموونەیەکی دیکەی قوبرسییە یۆنانیەکانە کە مافەکانی قوبرسییە تورکەکان پشتگوێ دەخەن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی قوبرسی یۆنانی تاکە نوێنەری دوورگەکە نییە و بەو هۆیەوە دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە سەبارەت بە تەواوی دوورگەکە.