پەیامی کورد... تۆڕێکی میدیایی ئەمریکی: بە مەبەستی لێدانی ئێران، نەتانیاهوو بەنیازی خستنەڕووی پلانی نوێیە بۆ ترەمپ
سەرچاوە ئاگادارەکان و چوار بەرپرسی پێشووی ئەمریکی ئەمڕۆ شەممە ڕایانگەیاند کە ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ خستنەڕووی دۆسیەیەک بۆ دۆناڵد ترەمپ، ئەوەش لە میانی دیداری چاوەڕوانکراوی لەگەڵ نەتانیاهوو لە فلۆریدا لە کۆتایی ئەم مانگەدا (کانوونی یەکەم)، سەبارەت بە بژاردەکانی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی نوێ دژی ئێران.
تۆڕی "ئێن بی سی" (NBC) لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاوی کردەوە: "دۆناڵد ترەمپ گوێبیستی ڕاپۆرتێکی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەبێت کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات هەر فراوانبوونێک لە بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران هەڕەشەیەکە و ڕەنگە پێویستی بە هەنگاوی خێرا هەبێت."
بەپێی سەرچاوەکان، ئیسرائیل پێیوایە تاران گەڕاوەتەوە بۆ کارپێکردنەوەی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و کار بۆ نۆژەنکردنەوەی بەرگرییە ئاسمانییەکانی دەکات دوای ئەو هێرشانەی کە لە حوزەیران و نیسانی ٢٠٢٤دا کرانە سەر پێگەکانی.
چاوەڕوان دەکرێت نەتانیاهوو کۆمەڵێک سیناریۆ پێشکەشی ترەمپ بکات، کە دەست پێ دەکات لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە تەنیا، یان بە پاڵپشتییەکی سنوورداری ئەمریکا، یان ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی بەرفراوان، تا دەگاتە بژاردەیەک کە تێیدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەواوی هێرشەکە لە ئەستۆ بگرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی: "ئیسرائیل پێیوایە ئەگەر ڕێگری لە ئێران نەکرێت، ڕەنگە ئاستی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی بگەیەنێتە ٣ هەزار مووشەک لە مانگێکدا."
زیاتریشی گوت: "بنیاتنانەوەی بەرگرییە ئاسمانییەکان لە ڕێگەی سیستەمی جێگرەوەی S-300، ڕەنگە لە داهاتوودا توانایەکی زیاتر بداتە تاران بۆ پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی."
بەپێی تۆڕە ئەمریکییەکە، پێشبینی دەکرێت دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان نەتانیاهوو و ترەمپ ببێتە وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە کە ڕێڕەوی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری لەگەڵ ئێران لە قۆناغی داهاتوودا دیاری دەکات.