پەیامی کورد... فەرماندەیی ناوەندی: دوای هێرشەکەی تەدمور، زیاتر لە 70 ئامانجمان لە ناوەڕاستی سووریا کردە ئامانج
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەری هێرشبەر و تۆپخانە، زیاتر لە 70 ئامانجیان لە چەندین شوێنی جیاوازی ناوەڕاستی سووریا کردووەتە ئامانج، ئەوەش دوای هێرشەکەی تەدمور.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ڕایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا و هێزە هاوبەشەکان لە کاتژمێر 4:00ی ئێوارە بەکاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا لە ڕۆژی 19ی کانوونی یەکەم، لەسەر ڕێنمایی فەرماندەی گشتی، ئۆپەراسیۆنی (چاوی باز- Falcon's Eye) یان دژی ڕێکخراوی داعش لە سووریا دەستپێکرد."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەم ئۆپەراسیۆنە یەکلاکەرەوەیە بۆ ڕێگریکردن لە ڕێکخراوی داعش لە پلاندانان بۆ هێرشی تیرۆریستی دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا". هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "بێوچان بەردەوام دەبین لە ڕاوەدوونانی ئەو تیرۆریستانەی کە هەوڵ دەدەن زیان بە ئەمریکییەکان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا بگەیەنن."
کووپەر ڕوونیکردەوە کە: "هێزە چەکدارەکانی ئوردن بە فڕۆکەی جەنگی پشتیوانییان پێشکەش کردووە، و لە ئۆپەراسیۆنەکەدا زیاتر لە 100 مووشەک تۆپی ورد بۆ پێکانی ئامانجەکان و بنکەکانی ژێرخان و کۆگاکانی چەکی سەر بە داعش بەکارهێنراون."
هەروەها کووپەر لە بەیاننامەکەدا جەختی کردەوە کە: "دوای هێرشەکەی 13ی کانوونی یەکەم بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکی و سووری، هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان 10 ئۆپەراسیۆنیان لە سووریا و عێراق ئەنجامداوە، کە لە ئەنجامدا 23 تیرۆریست کوژراون یان دەستگیرکراون."
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سووریا: "لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 80 ئۆپەراسیۆنیان بۆ لەناوبردنی ئەو تیرۆریستانە ئەنجامداوە کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئەمریکا و ئاسایشی ناوچەکە."