پەیامی کورد ... جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کردنەوەی کونسووڵخانەی نوێی ووڵاتەکەی دێتە هەرێمی کوردستان
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەبەستی کردنەوەی کونسووڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر و بەرەوپێش بردنی سەقامگیری، ئاسایش، ئازادی ئایینی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، مایکڵ ڕیگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان بۆ کردنەوەی کونسووڵخانەی نوێی ووڵاتەکەی سەردانی هەولێر دەکات.
لە ڕاگەێندراوەکەدا هاتووە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان، لە ڕۆژی پێنجشەممە گەشتەکەی بۆ تورکیا، عێراق و ئیسرائیل دەست پێدەکات و دەچێتە بەغدا، هەولێر و ئۆرشەلیم.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، لە عێراق، جێگری وەزیر لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی کۆدەبێتەوە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بەسەر دەکاتەوە و کونسووڵخانەی گشتی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر دەکاتەوە.