پەیامی کورد- لازقیە
خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکی کەناراوەکانی سوریا دوێنێ سێشەممە ئەنجامدرا کە زۆرینەیان عەلەوییەکانن و داوای لامەرکەزی و ئازادکردنی دەستگیرکراوان و کۆتاییهێنان بە ڕفاندن و کوشتنیان دەکرد.
خۆپیشاندانەکان دوای بانگەوازێکی سەرۆکی ڕۆحی ئەنجوومەنی باڵای عەلەوییەکان لە سوریا، غەزال غەزال هات کە داوای "فیدراڵیزم و لامەرکەزی سیاسی، کۆتاییهێنان بە پاکتاوی نەتەوەیی و کوشتن و ڕفاندن و ئاوارەکردنی زۆرەملێ و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان لە زیندانەکان" کرد.
هەروەها لە جەبلە، تەرتووس، بانیاس و ناوچەکانی دیکەش خۆپیشاندان بە هەمان داواکاری بەڕێوەچوو.
سەرچاوە خۆجێییەکان بە پەیامی کوردیان ڕاگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان دەستوەردانیان کردووە بۆ بڵاوەپێکردنی هەندێک لە خۆپیشاندانەکان، کە بووەتە هۆی پێکدادان لەگەڵ خۆپیشاندەران.
ئەوەشیان خستەڕوو، زۆربەی دوکان و بازاڕەکان لەکاتی بوونی ئەمنی قورسدا لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی شار و شارۆچکەکان داخراون.