پەیامی کورد- دیمەشق
وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی کە لەلایەن فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەلەب بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری گشتی ئەنجامدرا، شانەکانی داعشی لە ناوچەی عەفرین لە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگاکە کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ئەندامانی شانەکە دەستگیرکران.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دوێنێ سێشەممە ئاماژەی بەوەدا کە دەستگیرکراوەکان "سەلمێندرا کە بەشدارن لە پلاندانان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتیان و سەقامگیری ناوچەکە دەکەن".
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەستبەسەرداگرتنی چەکی جۆراوجۆر، ئامێری هەڵدانی ئارپیجی، نارنجۆکی دەستی، تەقەمەنی، پشتێنەی خۆکوژی، جگە لە بڕێکی زۆر تەقەمەنی پشتڕاستکراوەتەوە.