پەیامی کورد... دوو هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لە ئەنجامی دوو هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان ئەمڕۆ یەکشەممە، کەسێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەندامانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان و دەڵێت ئامانجی ئەم هێرشانە ڕێگریکردنە لەوەی حیزبوڵڵا توانا سەربازییەکانی بونیات بنێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد: "دوو هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێک لە شارۆچکەی 'یاتر' لە قەزای 'بنت جبیل'، بووەتە هۆی شەهیدبوونی کەسێک و برینداربوونی هاووڵاتییەکی دیکە".
لە دوو بەیاننامەی جیادا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە "هێرشی کردووەتە سەر ئەندامێکی حیزبوڵڵا لە ناوچەی یاتر لە باشووری لوبنان" و دواتر "ئەندامێکی دیکەی" هەمان حیزبی لە هەمان ناوچە پێکاوە.
لە بەرامبەردا، فەرماندەیی سوپای لوبنان ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند کە یەکەیەکی سەربازییان "ئامێرێکی سیخوڕیی ئیسرائیلییان دۆزیوەتەوە کە کامێرای پێوە بووە و لە شارۆچکەی یارۆنی سنووری لە باشووری لوبنان شاردرابووەوە" و ئامێرەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لەو کاتەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست پێش زیاتر لە ساڵێک چوووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، نزیکەی ٣٤٠ کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە لوبنان کوژراون.
شایەنی باسە کە نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان دوێنێ شەممە ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی لە تەواوکردنی پرۆسەی داماڵینی چەکی گروپی حیزبوڵڵا لە باشووری ڕووباری لیتانی نزیک بووەتەوە. ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی وڵاتەکە دێت بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ.