پەیامی کورد ... دەست بەسەرکرانی دوو هاووڵاتی لە سەوڵئاوا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە
دوو هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری سەوڵئاوا بەناوەکانی یاسر ئەدوایی و سەلمان ئەدوایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەست بەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەنگاو، کاتژمێر ۳ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۲ی خەزەڵوەر، یاسر ئەدوایی و سەلمان ئەدوایی، دوو هاووڵاتی خەڵکی گوندی «سلێن» سەر بە شاری سەوڵاوا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.
بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئەدوایی، دەست بەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کە خاوەنی چێشتخانەی «قەڵواز» لە ناوچەی گەشتیاری هەورامانن، کاتژمێر سێی بەرەبەیانی و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری كراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەست بەسەرکران، چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەست دا نییە.