پەیامی کورد- قامیشلۆ
زانکۆی ڕۆژاڤا دوێنێ شەممە ڕێوڕەسمی دەرچوونی بۆ پۆلی پێنجەمی قوتابیانی لە پارکی ئازادی لە قامیشلۆ بەڕێوە برد.
ئەڤین ئەحمەد، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران لە زانکۆی ڕۆژاڤا ڕایگەیاند، " بەبۆنەی دەرچوونی زیاتر لە ٢٠٠ خوێندکار لە پۆلی پێنجەمی زانکۆی ڕۆژاڤا ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین".
ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد "پۆلی دەرچوون خوێندکارانی زۆربەی کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆکە لەخۆدەگرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد "دەرچووەکان لە هەموو ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە دێن، جگە لەو خوێندکارانەی کە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی دیمەشق و حەلەب و تارتوسەوە گواستراونەتەوە”.
خانم عەلوش، دەرچووی پەیمانگای کشتوکاڵی زانکۆی ڕۆژاڤا دەڵێت: "دوای پێنج ساڵ خوێندن لەو پەیمانگایە، شانازی بەو شوێنە دەکەین کە ئەمڕۆ لێی دەژین".
ئاماژەی بەوەشکرد " دوای سەدان ساڵ محرومبوون لە فێربوون بە زمانی خۆمان، ئەمڕۆ ئێمە ئەم ڕۆژە مێژووییە دەژین، دەرچوون لە پەیمانگا و زانکۆکان بە زمانی دایکی خۆمان و لەبەرکردنی جلوبەرگی نەریتیمان کە ڕەنگدانەوەی کولتوور و مێژووی خۆمانە".