پەیامی کورد ... سوودانی چەند بڕیارێکی نوێ بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی دەردەکات
موحەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێنجشەممە سەرپەرشتی کۆبوونەوەی خولی ئەنجوومەنی هەماهەنگی پیشەسازی کرد و تێیدا چەندین بڕیاری ستراتیژی بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و وەبەرهێنان پەسەند کران. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی، نەوت، بازرگانی، پیشەسازی و تەندرووستی بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەخت لەسەر لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژە پیشەسازییەکان کرایەوە.
لە گرنگترین بڕیارەکاندا، ڕەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنی جێگەی تایبەتمەندی ژمارە ١٠ و ١١ لە بەندەری خۆر ئەلزوبەیر بۆ کارگەی ئاسنی ئیسفەنج، بە مەبەستی ئاسانکاری لە پرۆسەی هەناردەکردن و کارپێکردنی بازرگانی. هەروەها وەزارەتی پیشەسازی ڕاسپێردرا بۆ ئامادەکردنی هەلی وەبەرهێنان بە مەبەستی درووست کردنی شارێکی پیشەسازی نوێ لە ناوچەی ئەلسویرەی سەر بە پارێزگای واسیت.