پەیامی کورد ... کونسووڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر چۆڵکردنی باڵەخانەی عەنکاوەی ڕاگەیاند
کونسووڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، تەواوبوونی پڕۆسەی چۆڵکردنی باڵەخانە کۆنەکەی ڕادەگەێنێت، کە بەمەش کۆتایی بە زیاتر لە چواردە ساڵ هاوبەشی لەگەڵ شارۆچکەی عەنکاوە هات.
لە کاتێک دا بەڕێوەبردنی گەڕەکەکە لە ١ی شوباتی ٢٠٢٦ـەوە ڕادەستی شارەوانی و خاوەن موڵکەکان دەکرێتەوە، کونسووڵخانەی ئەمریکا سوپاسگوزاری خۆی بۆ قائیم مەقام نەبەز و ستافەکەی دەردەبڕێت بۆ پشتیوانییە پڕبایەخەکانیان. هاوکاریی ئەوان یارمەتیدەر بوو بۆ گەڕاندنەوەی گەڕەکەکە بۆ دۆخی پێشووی و ڕێگەخۆشکردن بۆ خێزانەکان تا بگەڕێنەوە و گەشە بکەن. ئەم ڕادەستکردنەوەیە بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە دوولایەنەیە ئەنجام درا کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ واژۆ کراوە و دەرخەری هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان کونسووڵخانە و شارەوانییە.
لەسەر داوای شارۆچکەی عەنکاوە و بەپێی ڕێککەوتنەکە، کونسووڵخانە ژێرخانی کارەبا و هەندێک پێداویستی تری وەک پەرژینی ئەمنی و دیواری کۆنکرێتی بۆ بەکارهێنانی شارەوانی بەجێ دەهێڵێت. لە ١ی شوباتەوە، کۆنتڕۆڵی دەروازەی بەرامبەر بەنزینخانەی بابل ڕادەستی شارۆچکەکە دەکرێتەوە و کردنەوەی ڕێگاکانی تریش بەو جۆرە ئەنجام دەدرێن کە لەلایەن شارەوانییەوە دیاریکراون.
لە ١ی شوبات و ڕۆژانی دواتردا، خاوەن موڵکەکان دەستڕاگەیشتنی تەواوەتییان بۆ موڵک و خانووەکانیان دەبێت. بەرپرسیارییەتی ئاسایشی گەڕەکەکەش ڕادەستی پۆلیس و ئاسایش دەکرێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێوشوێنانەی دەبنە مایەی ئەوەی خاوەن موڵکەکان دەستیان بە موڵکەکانیان ڕابگات.
کونسووڵخانەی گشتی ئەمریکا پێزانینی بۆ چەندین ساڵ کارکردنی پێکەوەیی لەگەڵ عەنکاوە هەیە و هیوادارە لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییە بپارێزرێت و پەرەی پێ بدرێت.