پەیامی کورد... سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لێدانی سەربازی لە تاران دەکات
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، شەوی ڕابردوو (دووشەممە) هەڕەشەی لێدانێکی سەربازیی بۆ سەر ئێران کرد ئەگەر بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی تواناکانی ئەتۆمی، هاوکات داوای لە بزووتنەوەی "حەماس"ی فەلەستینی کرد چەکەکانی دابماڵێت.
ترامپ ڕایگەیاند: "دەبیستم کە ئێران هەوڵ دەدات جارێکی تر پێگە ئەتۆمییەکانی بونیات بنێتەوە، ئەگەر ئەوان ئەوە بکەن، ئەوا جارێکی تر لێیان دەدەینەوە."
لە کاتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە مارالاگۆ لە فلۆریدا، سەرۆکی ئەمریکا وتی: "پشتگیری هێرشێکی خێرا بۆ سەر ئێران دەکەم ئەگەر بەردەوام بێت لە بونیاتنانی تواناکانی ئەتۆمی."
سەبارەت بە ڕێککەوتنی غەززە، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە بزووتنەوەی "حەماس" کرد واز لە چەکەکانی بهێنێت، و هیوای خواست بە "خێراییەکی زۆر" بگەینە قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتی لە غەززە.
ترامپ ڕوونیکردەوە کە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بەم زووانە دەست پێدەکات و ئاماژەی بەوەش کرد: "هەموو ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی کۆتا بارمتە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سووریا، سەرۆکی ئەمریکا وتی: "هیوادارم نەتانیاهۆ لەگەڵ سووریا ڕێ بکەوێت".