پەیامی کورد... ئۆجەلان داوا لە تورکیا دەکات ئاسانکاری بکات بۆ ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و باکووری سووریا
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕۆژی سێشەممە داوای لە ئەنقەرە کرد ئاسانکاری بکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، کە لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگواستن ومەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە.
ئۆجەلان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵی نوێوە، کە لەلایەن پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە: "زۆر گرنگە تورکیا ڕۆڵێکی بونیاتنەر لەم پڕۆسەیەدا بگێڕێت و ڕێگەی دیالۆگ بکاتەوە."
هەروەها دەڵێت: "جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە پڕۆسەکە ئاسانتر و خێراتر دەکات، و زۆر گرنگە تورکیا ڕۆڵێکی بونیاتنەر لەم پڕۆسەیەدا هەبێت."
بەپێی ئەوەی لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە: "گرنگییەکی زۆری هەیە کە تورکیا ڕۆڵی ئاسانکار و بونیاتنەر و هاندەر بگێڕێت بۆ دیالۆگ لەم پڕۆسەیەدا، ئەمەش بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی ناوچەیی و بەهێزکردنی ئاشتیی ناوخۆیی زۆر گرنگە."
ئۆجەلان ئاماژەی بەوەش کردووە کە "وێنەیەکی پشێو (فەوزا) لە سووریا هاتۆتە ئاراوە و زۆر کەس چاوەڕێی چارەسەرێکی دیموکراسی دەکەن و داوای دەکەن؛ ئەو شێوازە بەڕێوەبردنەی کە لەسەر بنەمای سەرکوتکردن و نکوڵیکردن لە ناسنامەکان بووە بۆ چەندین ساڵ، ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەم داواکارییە یەکسانی و ئازادی بۆ کورد، عەرەب، عەلەوی و هەموو گەلان بەهێز کردووە."
ئۆجەلان ڕوونیکردەوە کە "ئەو داواکارییانەی لە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاردا هاتوون، بریتین لە نموونەیەکی سیاسیی دیموکراسی کە هەموو گەلان دەتوانن پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێبازە "دەرفەتی دانوستان لەگەڵ ئیدارەی ناوەندی دەدات و بنەمایەک بۆ یەکگرتنی دیموکراسییانە لەخۆ دەگرێت،" و جەختی کردەوە کە "جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار ڕێگە بۆ ئەم پڕۆسەیە خۆش دەکات و بەرەو پێشی دەبات."