پەیامی کورد... "فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا" کوژران و دەستگیرکردنی ٢٥ چەکداری "داعش" لە سووریا ڕادەگەیەنێت
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی بە هاوکاری هاوبەشەکانیان لە سووریا، نزیکەی ٢٥ چەکداری ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش"یان کوشتووە و دەستگیرکردووە لە دوای ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە لە ١٩ی کانوونی یەکەم لە سووریا ئەنجامیان دا.
لە ١٤ی ئەم مانگەدا، هێزە ئەمریکی و سوورییەکان لە نزیک شاری تەدمور لە کاتی گەشتێکی مەیدانی هاوبەشدا ڕووبەڕووی هێرشێکی چەکدارێکی سەر بە داعش بوونەوە، و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی وەڵامدانەوەی دابوو.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی: "هێزەکانمان و هاوبەشەکانیان نزیکەی ٢٥ چەکداری داعشیان لە سووریا کوشتووە و دەستگیرکردووە لە دوای ئۆپەراسیۆنی 'چاوی باز' لە ١٩ی کانوونی یەکەم".
ڕوونیشیکردەوە کە لانی کەم ٧ چەکدار کوژراون، و ئەوانی تر دەستگیرکراون لە کاتی ١١ ئۆپەراسیۆن کە لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٩ی کانوونی یەکەم ئەنجامدراون، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئۆپەراسیۆنەکان بوونەتە هۆی لەناوبردنی ٤ حەشارگەی چەکی سەر بەو ڕێکخراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جموجۆڵە ئەمنییانە وەک کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنی "چاوی باز" بووە کە لە ١٩ی کانوونی یەکەم دەستی پێکرد؛ کاتێک هێزە ئەمریکی و ئەردەنییەکان هێرشێکی هاوبەشیان ئەنجامدا کە تێیدا زیاتر لە ٧٠ ئامانجیان پێکا بە بەکارهێنانی زیاتر لە ١٠٠ چەکی ورد و پێشکەوتوو. جەختیشی کردەوە کە لەم لێدانە گەورەیەدا دەیان فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەری هێرشبەر و تۆپخانە بەشدار بوون، کە بووە هۆی لەناوبردنی ژێرخان و شوێنەکانی کۆگاکردنی چەکی سەر بە ڕێکخراوەکە لە ناوچە جیاوازەکانی ناوەڕاستی سووریا.
لە لایەکی ترەوە، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕاوەدوونانی ڕێکخراوەکە پاشەکشە ناکات، و جەختی لەسەر بەردەوامی کارکردن لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان کردەوە بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی "داعش".
کووپەر ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی ٢٠٢٥ ڕێکخراوەکە بەشداری لە ١١ پلان یان هێرشدا کردووە دژی ئامانجەکان لە ناوخۆی ئەمریکا، ئەمەش پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی توند هەبوو کە لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا بووە هۆی دەستگیرکردنی زیاتر لە ٣٠٠ تیرۆریست و کوژرانی دەیان کەسی تر، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ڕێکخراوەکە و بەهێزکردنی ئاسایشی جیهانی.