پەیامی کورد ... فوئاد حسێن بە تۆم باراک : سەرم سووڕ ماوە لە قسەکانت
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، سەرسووڕمانی حکوومەتی عێراقی لەبارەی لێدوانەکانی ئەم دوایی یەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییەوە سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق، پێگەیاند.
فوئاد حسێن جەختی کردەوە کە بژاردەکانی گەلی عێراق ڕێزلێگیراون و سیستەمی دیموکراسی و فیدراڵی لە دەستووردا چەسپاون و هیچ جێگرەوەیەکیان نییە.
لە بەرامبەردا، تۆماس باراک ڕوونیکردەوە کە لێدوانەکانی پەیوەندییان بە "ئەزموونی ئەمریکاوە لە عێراق" هەبووە و ووتی، ئیدارەی ئەمریکا بە ڕێزەوە سەیری ئەزموونی عێراق دەکات.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە دۆخی سووریا و گرینگی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر کرا کە مافی هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگرێت.