نەتەوە یەکگرتووەکان: گەڕانەوەی زیاتر لە ٣٧٨ هەزار پەنابەری سوری لە لوبنانەوە بۆ وڵاتەکەیان

Dîroka Belavkirin :
نەتەوە یەکگرتووەکان: گەڕانەوەی زیاتر لە ٣٧٨ هەزار پەنابەری سوری لە لوبنانەوە بۆ وڵاتەکەیان
پەیامی کورد- دیمەشق... نەتەوە یەکگرتووەکان: گەڕانەوەی زیاتر لە ٣٧٨ هەزار پەنابەری سوری لە لوبنانەوە بۆ وڵاتەکەیان

 

کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، دوێنێ پێنجشەممە، گەڕانەوەی زیاتر لە ٣٧٨ هەزار پەنابەری سوری لە لوبنانەوە بۆ وڵاتەکەیان ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی قۆناغی ١٢یەمی بەرنامەی گەڕانەوەی ئارام و ڕێکخراودا دێت کە لە مانگی تەمموزی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە.

ڕێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕایگەیاند: "لەگەڵ گەڕانەوەی زیاتر لە ٣٧٨ هەزار پەنابەری سوری، بەردەوامیی پشتیوانییەکان بە پێویست دەمێنێتەوە بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام، شکۆمەندانە و بەردەوام".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە "کاروانی ١٢یەمی پلانی حکومەتی لوبنان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەرانی سوری بۆ وڵاتەکەیان، لە بەیروتى پایتەختەوە دەستیپێکردووە و خێزانە پەنابەرە سورییەکانی گواستۆتەوە بۆ زێدی خۆیان لە حومس، حەما، ئیدلب و دیمەشق و گوندەوارەکەی".

لەلای خۆیەوە، ئاسایشی گشتیی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "قۆناغی دوانزەیەمی پلانی حکومەتی لوبنانی بۆ گەڕانەوەی ڕێکخراوی ئاوارە سورییەکان لە لوبنانەوە بۆ سوریا ڕێکخستووە".

لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، حکومەتی لوبنان پلانێکی نوێی فرە قۆناغی بۆ گەڕانەوەی سورییەکان بۆ وڵاتەکەیان ڕاگەیاند، کە گەڕانەوەی ڕێکخراو و ناڕێکخراو لەخۆدەگرێت.

مەزەندەکانی لوبنان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی پەنابەرانی سوری لەو وڵاتە دەگاتە نزیکەی ١.٨ ملیۆن کەس، کە نزیکەی ٨٨٠ هەزاریان لەلایەن کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانەوە تۆمارکراون.