پەیامی کورد- قامیشلۆ... هەسەدە: ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب لەلایەن "گرووپەکانی سەر بە حکومەت"ـەوە بۆردومان کراون
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، کە دوو گوند لە گوندەواری دێر حافر و دەروازەکەی ناوچەکە ڕووبەڕووی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "گرووپەکانی سەر بە حکومەتی سوریا" بوونەتەوە.
هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا کە لە پێگەکانی خۆی بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت: "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، هەردوو گوندی (ئیمام) و (ئوم تینە)یان لە باکووری ناحیەی دێر حافر لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەلەب بۆردومان کرد".
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو: "هەروەها ئەو گرووپانە دەروازەکەی ناوچەکەیان بە چەکی نیشانشکێن کردە ئامانج".
ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆردومانەکە زیانی ماددی بە موڵک و ماڵی دانیشتووان و دەوروبەری شوێنە بەئامانجگیراوەکان گەیاندووە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.