پەیامی کورد- دیمەشق
پەیامنێرانی بێ سنوور لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، سوریا لە پلەی ١٧٧یەمدایە لە کۆی ١٨٠ وڵات و لەڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە لە ڕیزبەندی نزمترین وڵاتەکانی جیهاندا دەمێنێتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، دیمەنی ڕاگەیاندن لە سوریا هێشتا چاوەڕوانی گۆڕانکاری قووڵە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی سنووردارکردنی ڕۆژنامەنوسان و نەبوونی کەشێکی گونجاو بۆ کاری میدیایی ئازاد و سەربەخۆ.
پەیامنێرانی بێ سنوور ئاماژەیان بەوە کرد کە فشارە ئابوورییەکان بووەتە یەکێک لە ئاستەنگە جیددییەکانی بەردەم ڕۆژنامەگەری لە سەرانسەری جیهاندا، شانبەشانی هێرشی جەستەیی و پێشێلکاری ڕاستەوخۆی ڕۆژنامەنووسان.
ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردەوە کە سەربەخۆیی دارایی دەزگاکانی ڕاگەیاندن مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گەرەنتیکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و زانیاری کوالیتی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بنیاتنانەوەی ئابوورییەکی میدیایی بەردەوام و شەفاف بووەتە پێویستیەکی بەپەلە بۆ دڵنیابوون لە بەرهەمهێنانی زانیاریی متمانەپێکراو کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات.
ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێ سنوور داوای لە حکومەتەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە ڕێگەچارەی بەردەست جێبەجێ بکەن بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی ڕۆژنامەوانی لە بەرامبەر زیادبوونی فشارە سیاسی و ئابوورییەکان.