پەیامی کورد ... چارەنووسی ٥ بەندكراو لە زیندانی ئێڤین نادیاری
ئیحسان ڕۆستەمی، حەسەن تۆزەندەجانی، ڕامین ڕۆستەمی و نیما مەهدیزادەگان كە دانیشتووی تارانن، سەرەڕای ١٠٦ ڕۆژ دەست بەسەركردنیان، كەچی تا ئێستا چارەنووسیان ڕوون نییە و كەس نازانێت بۆ زیندانی كراون و تا كەی لە زیندان دەمێننەوە.
هەروەها جەهانگیر ڕۆستەمی تەمەن 63 ساڵ و ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی هەرسین، یەكێكی دیكەیە لەو زیندانیانەی كە ئەوە ٤٨ ڕۆژ بەسەر دەست بەسەركردنی تێدەپەڕێت، كەچی هێشتا نە دادگایی كراوە و نە كەس لێی پرسیوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک ، ئەم کەسانەی کە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتە، زیندانی دەكرێن، مافی بوونی پارێزەر و بەرگری کردن لە خۆیان نییە. لەم ماوەیەدا، ئیحسان ڕۆستەمی لەسەر ئەو ڕەفتارەی دەسەڵات، ٢٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت، بەڵام باوکیان دەستبەسەر كرد و لەوە بە دواوە تا ئێستا دەنگێك لە مانگرتنەكەی نییە!
حەسەن تۆزەندەجانیش نەخۆشە و پەستانی خوێنی هەیە و لە دۆخێکی خراپدایە و بنەماڵەكەی لەسەر ئەمە سكاڵایان بەرز كردووەتەوە، بەڵام هیچ ووڵامێكیان نەداونەتەوە.
بە پێی ئامارەكانی ناوەندی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ٢٠٢٤، ٩٣٨ ناوی كەسایەتیی سیاسی و عەقیدەتی تۆمار كراوە كە لە لایەن دەسەڵاتەوە زیندانی كراون و چارەنووسیان نادیارە و نە بنەماڵەكانیان و نە ناوەندەكانی مافی مرۆڤ ئاگاداریان نین و تا ئێستاش دادگایی نەكراون.