بارینی بەفرێکی بێ وێنە لە ئوسترالیا

پەیامی کورد ... بارینی بەفرێکی بێ وێنە لە ئوسترالیا
🔸 چەند شارێکی ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا لەماوەی دەیان ساڵدا بەهۆی قورسترین بەفرەوە پۆشراون، بەگوێرەی میدیاکانی هەواڵ، هەزاران ماڵ بێ کارەبا بوون.
🔸 لە ویلایەتی ساوس وێڵز تا ٤٠ سانتیمەتر بەفر باریوە، کە زۆرترین ڕێژەی بەفر لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە باریوە و بۆ یەکەم جارە لە ماوەی ١٠ ساڵدا لە ویلایەتی کوینز لاند بەفر باریوە.
هەردوو ویلایەتەکە لە نیوەی ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیادان. دەزگای فریاکەوتنی نیوو ساوس وێڵز ڕایگەیاند، ئەو بڕە بەفرەی ئەمساڵ لە باکووری ویلایەتەکە باریوە، بۆ ناوچەکە بێ وێنەیە.
لە لایەکی دیکەوە، بارانێکی بەخوڕ لە ڕۆژی شەممەدا ناوچەکانی دیکەی نیوو ساوس وێڵزی گرتەوە و خزمەتگوزاری فریاکەوتنی ویلایەتەکەش ٢٨ هۆشداری بۆ دانیشتووانی ئەو ویلایەتە بڵاوکردەوە.
بەرپرسانی دەوڵەت هۆشدارییان داوە کە بارانبارینی بەخوڕ و بەردەوام دەتوانێت ببێتە هۆی لافاو و گیرانی ڕێگاوبانەکان.
هەروەها پێشبینی دەکرێت بای بەهێز بە خێرایی زیاتر لە 90 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا هەبێت، لەگەڵ ئەگەری درووست بوونی شەپۆلی گەورە و بەهێز لە ئاوەکانی کەنار دەریاکان.
بەپێی ئاژانسی گاردیانی بەریتانی، زیاتر لە هەزار خۆبەخش لە خزمەتگوزاری فریاگوزاری نیوو ساوس وێڵز لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا جێگیرکراون. ئاژانسەکە لە سەرەتای دەستپێکردنی کەش وهەوای سەختەوە ووڵامی ٧٥٠ داوای یارمەتی داوەتەوە.
ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە




