بەریتانیا فڕۆکەی شەڕکەر و کەرەستەی سەربازی زیاتر هەناردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، ووڵاتەكەی بڕیاری داوە كەرەستی سەربازی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن بگوازێتەوە، لەوانەش فڕۆكەی جەنگی. ئامانج لەو كارەش پاڵپشتی فریاگوزارییە بۆ ناوچەكە. ئەوەش لەكاتێكدایە گرژییەكان لە ناوچەكە لە زیادبوون دایە و ئێران و ئیسرائیل دوو ڕۆژە بە دەوامن لە هێرش بۆ سەر یەكتر .
کییر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێش ئەوەی بەرەو کۆبوونەوەی گرووپی حەوت لە کەنەدا بڕوات بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، ووڵاتەكە كەرەستە و هێزی سەربازی زیاتر دەگوازێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش فڕۆکەی جەنگی.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئامانجی بەریتانیا لە زیادكردنی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە كە پاڵپشتی بەپەلەی فریاگوزرای لە ناوچەکەدا پێشکەش بكەن. ئەوەش لەكاتێكدایە کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی یەوە هێرشی سەربازی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەكتر بەردەوامە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و شوێنە سەربازییەکانی کردە ئامانج، لەوانە دامەزراوەی نەتەنز و بارەگای سوپای پاسداران لە تاران و ئەسفەهان.
سەرچاوە میدیاییەکان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لانیکەم 20 فەرماندەی باڵای ئێران لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە زنجیرەیەک هێرشدا کوژراون، لەوانە حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاسداران.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی نۆ لە دیارترین زانا و پسپۆڕانی لەناوبردوە کە ڕۆڵی سەرەکییان لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دا هەبوە .
ئێران بە هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ ناوچە جیاوازەكانی ئیسرائیل ووڵامی هێرشەكانی دایەوە و لە دو ڕۆژی ڕابردودا هەردوو ووڵات بەردەوام بوون لە هێرشكردنە سەر یەكتر.





