فوئاد حسێن هۆشداری دەدات و داوایەک ئاراستەی ووڵاتی ئاڵمانیا دەکات

فوئاد حسێن هۆشداری دەدات و داوایەک ئاراستەی ووڵاتی ئاڵمانیا دەکات
پەیامی کورد   ...   فوئاد حسێن هۆشداری دەدات و داوایەک ئاراستەی ووڵاتی ئاڵمانیا دەکات

فوئاد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە ئاڵمانیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هەڵوێستی پتەوی بەرامبەر پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل هەبێت. دەشڵیت، "داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هەڵئاوسان لە ئەورووپا. هەروەها پەرەسەندنی گرژییەكانی ناوچەكە دەتوانێت ببێتە هۆی شەپۆلی نوێی پەنابەران بۆ ئەورووپا".
وەزارەتی دەرەوەی لە ڕاگەێندراوێكدا بڵاویكردەوە، فوئاد حسێن پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەلایەن یۆهان وادیفۆلەوە، وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیاوە پێگەیشت و گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاستەنگە ئەمنییەكان كرد كە ڕووبەڕووی ناوچەكە بونەتەوە، بەتایبەتی لە ژێر تیشکی پەرەسەندنەكانی ئێستای ناوچەكە.

ئاماژە بەوەش كراوە، پەیوەندییەكە شایەتحاڵی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و زانیاری بو سەبارەت بە دۆخی ئێستا، لەگەڵ ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا پابەندبوونی ووڵاتەكەی بۆ پشتیوانیكردن لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دووپاتكردووەتەوە، جەختیشی كردووەتەوە لەسەر پێویستی دورخستنەوەی عێراق لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی یان كاردانەوەی ئەگەری ململانێكان.
بەگوێرەی ڕاگەێندراوەكە، ئاڵمانیا لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی كاردەكات بۆ ئەوەی عێراق نەكێشێتە ناو بازنەی تووندوتیژی، ئاسایش و سەقامگیرییان دەوێت بۆ عێراق.

ئەوەشی خستەڕوو، فوئاد حسێن و وادیفۆل جەختیان لە گرینگی درێژەدان بە پرۆسەی دانووستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا كردوە، هەروەها لەگەڵ ووڵاتانی ئەورووپایی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیەكەی ئێران، وەك هەنگاوێكی بنەڕەتی بەرەو كەم كردنەوەی گرژییەكان.

بەگوێرەی ڕاگەێندراوەكە، وەزیری دەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی ڕوون و پاڵپشتیكارانەی ئاڵمانیا بەرامبەر عێراق دەربڕی، هاوكات لە هەمان كاتدا هۆشداری دا لە پێشێلكارییە دووبارەبووەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئاسمانی عێراق، كە پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتییەكان و سەروەری نیشتمانی پێك دەهێنن، داوای لە ئەڵمانیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هەڵوێستێكی پتەوی بەرامبەر ئەو پێشێلكارییانە بگرنەبەر.

فوئاد حسێن هۆشداری دا لە، بەردەوامی ململانێیەكان لە ناوچەكە و داخستنی گەرووی هورمز دەتوانێت ببێتە هۆی پەككەوتنی ئابووری و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێك لە نێوان 200 بۆ 300 دۆلار لە ئەگەری سەرهەڵدانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان، ئەمەش ڕەنگە ڕێژەی هەڵاوسان لە ووڵاتانی ئەورووپی تووندتر بكات و پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت بۆ ووڵاتانی بەرهەمهێن ئاڵۆزتر بكات.

دەشڵێت، "داخستی گەرووی هورمز ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی نزیكەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی كەندئاو و عێراق لە ڕۆژێك دا بۆ بازاڕی نەوت. بۆیە كە هەڵكشانی شەڕەكە دەتوانێت ببێتە هۆی شەپۆلی نوێی پەنابەران بۆ ئەورووپا، ئەوەش پێویستی بە كردەوەی نێودەوڵەتی جیددی هەبێت بۆ چارەسەركردنی هۆكارەكانی گرژی و كەم كردنەوەی دۆخەكە لە ڕێگەی چارەسەری دیپلۆماسییەوە".

ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە