سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەڕەنسا دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

پەیامی کورد ... سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەڕەنسا دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
ئێوارەی دووشەممە ٢٠٢٥/٦/٣٠ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆریێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا، پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و ھەروەھا بیروڕا دەربارەی دۆخی گشتی عێراق و ھەرێمی کوردستان، دەرفەتی وەبەرھێنان و بازرگانی بۆ کۆمپانیا فەڕەنسییەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕ کرا.
ھەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە ڕێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە دوا پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرا و لەمبارەیەوە ھەردوولا گرینگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەیان دووپات کردەوە و داکۆکییان لە پێویستی دوورخستنەوەی عێراق لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردەوە.
تاوتوێ کردنی چەند بابەتێکی جێی بایەخی ھاوبەش، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە یان برێم، کونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.
ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە




