لە پەراوێزی لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە شەرع لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە

پەیاما کورد- دیمەشق
ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆک کۆماری سووریا ڕۆژی دووشەممە لە پەراوێزی لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی لە دۆحای پایتەختی قەتەر لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاکان، ئەلشەرع لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و سوریا و پرسەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کردووە.
سەرۆککۆماری تورکیا هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کالین سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانی (میت) یاوەری بوون، هەروەها ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا بەشداری دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری سوریای کرد.
ئەردۆغان لە میانی دیدارەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە "بەشداریی ئەلشەرع لەم مانگەدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگییەکی مێژوویی هەیە، کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییەکانی بۆ سوریا، هەروەها کار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەکەن".
ئەردۆغان ڕایگەیاند کە تورکیا "هەوڵ دەدات بۆ کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکانی سوریا، هەروەها پاراستنی یەکێتی و یەکڕیزی سوریا گرنگە، هەروەها هێزەکانی سوریای دیموکرات پابەندبن بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار".





