هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ

پەیامی کورد ... هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ
• لە ١ی کانوونی دووەم بۆ ٣٠ی حوزەیران، سوپای تورکیا (١،٦٧٨) هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.
• (١،٤٨٤) هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک، (١٤٠) هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر، (٥٤) هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی و (سفر) هێرشیش بۆ سەر سنووری پارێزگای نەینەوا بووە.
• بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا، (٩) هاووڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی بە شێوەیەک (٣) هاووڵاتی شەهید و (٦) هاووڵاتی تری مەدەنی برینداربوون.
• لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا، سوپای تورکیا (١،٢٣٢) هێرشی لە ڕێگەی تۆپباران، (٣٩٧) هێرشی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، (٤٣) هێرشی لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، (٥) هێرشی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی سووک و (١) هێرشی لە ڕێگەی تەقینەوە ئەنجام داوە.
• بە تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا، (٥٥٠) هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە (٥٤١) هێرشیان بۆسەر سنووری پارێزگای دهۆک و (٩) هێرشیان بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر بوون. بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیران دا بە ڕێژەی (٨٪) زیادیان کردووە.
• لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئادار، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام نەداوە.
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی
ئەم بابەتە 6 جار خوێندراوەتەوە




