هەڕەشە و فشاری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژنێکی چالاکوانی خەڵكی قەسری شیرین لە هەرێمی کوردستان

هەڕەشە و فشاری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژنێکی چالاکوانی خەڵكی قەسری شیرین لە هەرێمی کوردستان
پەیامی کورد   ...   هەڕەشە و فشاری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژنێکی چالاکوانی خەڵكی قەسری شیرین لە هەرێمی کوردستان

بەپێی هەواڵەکان ، لەیلا دڵپەسند، ژنە چالاکوانێکی پەیڕەوی ئایینی یارسانی خەڵکی قەسری شیرین و زیندانی سیاسی پێشوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بووەتە ئامانجی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و فشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی.

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕاگەیاندووە، دەزگای ئیتلاعات، بە بانگهێشت کردن و ترساندنی بنەماڵەکەی، هەوڵیان داوە ناچاریان بكات كە ڕێگری لە چالاكییە میدیایی و مافەكانی مرۆڤی لەیلا لە هەرێمی کوردستان بکەن.

دڵپەسند، کە ئێستا وەک پەنابەرێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەژی، ساڵانێکی زۆرە لە بواری داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان و مافی مرۆڤ و پێدانی زانیاری لەسەر دۆخی کۆڵبەرەكان و پێشێل کردنی مافی هاووڵاتییان چالاکی کردووە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ئەندامانی دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی یەوە دەست بەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. یەکەم دەستگیرکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٥، کاتێک لەگەڵ ناسر خادمی هاوسەری بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێك لەسەر کۆڵبەران و ئەسیدپاشی لە ئیسفەهان دەستبەسەر كران و دوای ١٨ ڕۆژ بە بەڵێننامەیەکی نووسراو ئازاد كران. 

ئەو و هاوسەرەکەی جارێكی دیكە لە ڕەشەمەی هەمان ساڵدا بە تووندوتیژی دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی کرماشان گوازرانەوە. 

لە درێژەی ئەو فشارانەدا، دادگای شۆڕشی قەسری شیرین، لە حوكمێكی غیابی دا، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەكان، لەیلا دڵپەسند و هاوسەرەکەی بە ٩١ ڕۆژ زیندانی مەحکووم کرد؛ حوکمێك كە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٦ جێبەجێ کرا و ئەوان بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان بۆ زیندانی دیزل ئاباد لە کرماشان گواسترانەوە. 

ئێستا لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەکان بۆ سەر بنەماڵەکەی لە ئێران، نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەلامەتی گیانی و دەروونی کەسە نزیکەکانی ناوبراو پەرەی سەندووە.

ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە