پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی باڵای خانمان ئەو ئاکار نامەیەی ئامادەی کردووە لە هەڵمەتی 16ڕۆژەی تووندوتیژی خستیەڕوو
سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هەڵمەتی 16ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و منداڵان، دکتۆرە خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان ڕایگەیاند: "سەرۆکی حکوومەت هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە تووندوتیژی دژی ئافرەتان و کچان، لە هیچ شوێنێکی کۆمەڵگەی کوردستان دا جێگەی نابێتەوە."
ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان ئاماژەی بەوەش دا "نابێت چیتر بێدەنگی و گێڕانەوە و دەقە زیان بەخشەکان، لەبەردەم تاک، خێزان، کۆمەڵگە و حکوومەت دا ببنە ڕێگر بۆ بونیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەر و یەکسان بۆ هەمووان."
خانزاد ئەحمەد ووتیشی: "ئەمساڵ تیشک دەخەینە سەر ڕەهەندێکی بنەڕەتی ئەم خەباتە کە بریتییە لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن؛ چوونکە ئەو چیرۆکانەی دەیانگێڕینەوە، ئەو زمانەی هەڵی دەبژێرین و ئەو وێنانەی بڵاویان دەکەینەوە، شێوە بە تێگەیشتن و ڕای گشتی، نەریت، کلتوور و تەنانەت ئاسایشی کۆمەڵگەش دەدەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ڕوونیکردەوە: "ماوەیەکی زۆرە ئەزموونی خانمان بە شێوەیەکی ناڕاست یان بە زیادەڕەوییەوە دەخرێتە ڕوو، زۆرجار ڕزگاربووان تۆمەتبار دەکرێن و دەنگیان پەراوێز دەخرێت، یان چیرۆکەکانیان بۆ بەرژەوەندی بازرگانی و سیاسی بەکار دەهێندرێت."
لە کۆتایی دا جەختی کردەوە: "ئەم کارە نەک تەنیا نائەخلاقییە، بەڵکوو زیان بەخشە و جیاکاری قووڵتر دەکاتەوە، هەروەها متمانەی ڕزگاربووان بەو دامەزراوانە لاواز دەکات کە بۆ پاراستنیان پێکهێندراون."
ڕاشیگەیاند: هەر لەبەر ئەم هۆکارانە ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و خودی خانمان و کچان و ڕۆژنامەنووسان ئاکار نامەیەکی ئامادە کردووە.